٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لە کوردستانەوە 40 هەزار سێوی میخەکڕێژ ڕەوانەی تورکیا دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  لە لایەن گرووپێکەوە بڕیارە 40 هەزار سێوی میخەکڕێژ، بە مەبەستی ئاشتی ڕەوانەی تورکیا بکرێت و لە یەکەم هەنگاویشدا وەزارەتی رۆشنبیری پشتگیریی خۆی بۆ ئەم پرۆژەیە دەربڕیوە.

خاوەنی پرۆژەی سێوی میخەکرێژ(سەیوان سەعیدیان) بە "KDP.INFO"ی راگەیاند، لە بەرنامەیاندایە 40 هەزار سێوی میخەکرێژ وەکوو پەیامی ئاشتی ڕەوانەی تورکیا بکەن و لە یەکەم هەنگاویشدا وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(خالید دۆسکی) پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم پرۆژەیە دەربڕیوە.

ئەو گوتی مەبەستی لەم ئەنجامدانی پڕۆژەکە، گەیاندنی پەیامی ئەڤین و ئاشتییە بۆ گەلی کورد و ڕای گشتیی وڵاتی تورکیا.

دوای زیاتر لە سێ دەیەی شەڕی نێوان پارتیی کرێکارانی کوردستان  و سوپای تورکیا زیاتر لە 40 هەزار کەس لە هەردوو لایەن  کوژراون و بۆ ئەم مەبەستەیش بۆ هەر بنەماڵەیەک سێوێکی میخەکڕێژ دەنێردرێت.

لە نەورۆزی ساڵی رابردووەوە پێڤاژۆی ئاشتی لە نێوان کورد و حکوومەتی تورکیا مۆر کراوە و ئەم پرسەیش هەنگاوی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

خاوەنی پرۆژەی سێوی میخەکڕێژ(سەعیدیان)، باسی لەوەش کرد کە لەبەرنامەیاندایە لە رێگای ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پێنجهەزار سێوی میخەکرێژ لە هەڵەبجەوە ڕەوانەی هێرۆشیما بکەن و هەر لەو شارەیش مۆنیۆمێنتێک بۆ هەڵەبجە دروست دەکرێت و پێنجهەزار سێوەکەی لێ دادەنرێت.

لەلایەکی دیکەوە، (فرمێسک ڕەحیمزادە) کە لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای ڤین سێوە، لەگەڵ خاوەنی پرۆژەکە سەردانی وەزارەتی رۆشنبیرییان کردبوو بە "KDP.INFO"ی راگەیاند داوایان لە وەزارەتی روشنبیری کردووە بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیە بە ناوی کوردەوە لە یۆنسکۆ تۆمار بکرێت.

گروپی سێوی میخەکرێژ بە سەرپەرەشتی سەیوان سەعیدیان ماوەی 11 ساڵە کار بۆ بەجیهانیکردنی بەرهەمی سێوی میخەکرێژ دەکەن کە وەکوو یەکەم دیاریی خۆماڵیی کوردی لە دەستەی باڵای گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

سێوی میخەکرێژ ئەو سێوەیە کە لەکۆندا و لە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی کوردستان بە میخەک رازێندراوەتەوە  و لەلایەن کچان و کوڕانی عاشق بەمەبەستی دەربڕینی خۆشەویستی پێشکەش کراوە بەڵام خەریک بوو ئەو کلتورە لەناودەچوو.

دوای ئەوەی ئەم کلتورە لەلایەن سەعیدیان زیندوو دەکرێتەوە ئێستا بەشێوەیەکی پێشکەوتوو و لە ناو کارتۆنێکی تایبەتدا دیزاین کراوە و لە مارکێت و مۆڵەکان وەکوو یەکەم دیاریی خۆماڵی کوردی دەفرۆشرێت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار