سەلیم جبووری: سبەینێ کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی دەکرێتەوە
__2014_07_22_h13m55s36__BA.jpg)
هەولێر-KDP.INFO- سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ دەستنیشانکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەکلایی دەکرێتەوە و رێ نەدراوە بەخۆکاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە ئەگەر تەواوی مەرجەکان بوونیان نەبووبێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، (سەلیم جبووری) رایگەیاند، "سبەینێ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق دەدات دوای تەواوبوونی رێوشوێنی وەرگرتنی زانیاری لەو کەسانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید کردووە".
گوتیشی: "ئەوانەی خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە کەسانی شیاون و ئەو مەرجانەیان تێدایە کە داوا کراوە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و، هیچ پێوەرێک بۆ خۆکاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە دانەنراوە.
(جبووری) دەشڵێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی زانیاریی کەسێتی سەرجەم ئەو کەسانە بڵاو دەکاتەوە کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری داهاتووی عیراق کاندید کردووە.
بە گوتەی (جبووری) "مەسەلەی دەرکردنی مەسیحییەکانی مووسڵ لە زێدی خۆیان لە رەوشت و ئاکاری عێراقییەکان نییە و ئەوەی لەو پارێزگایە و ناوچەکانی دیکەی عێراق روو دەدات بەهۆی هەڵسوکەوتی چەکدارە توندڕۆکان لەبەرامبەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە جێی قبووڵکردن نییە"، گوتیشی: "بە دانانی سەرۆککۆماری عێراق پرۆسەی سیاسی لەو چەقبەستووەییەی ئێستا رزگاری دەبێت."
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە درێژکردنەوەی ویلایەتی سێیەمی (نووری مالیکی) لەلایەن سەرکردە لایەنە سیاسییەکان گوتوێژی لەبارەوە نەکراوە و ئەوەی لەئێستادا کاری لەسەر دەکرێت دەستنیشانکردنی دەستەی سەرۆکایەتییە.
ئەوەشی روون کردەوە، ئەگەر پێکهاتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە دەرەوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە، ئەوا لە دانشتنەکەی سبەینێی ئەنجوومەنی نوێنەران سەرجەم کاندیدەکان خۆیان بە ئامادەبووان دەناسێنن و زانیارییەکانی ئەو کەسەش دەخرێتە بەردەم هەموو لایەک.
سەرکەوت حەسەن




