٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دەبێت ئەم جارە كورد گرفتە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا یەكلا بكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لایەنە كوردستانییەكان چاوەڕوانی پێكهێنانی حكوومەتی عێراقن تا داواكانی كورد بدەنە لایەنە عێراقییەكان بە مەبەستی گفتوگۆكردن و بڕاندنەوەی كۆمەڵێك پرسی گرنگ لەگەڵ بەغدا. ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، دەبێت ئەم جارە هەرێمی كوردستان گرفتە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا یەكلا بكاتەوە.

 

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (خەسرۆ گۆران) بۆ KDP.infoگوتی، "دۆخی ئێستای عێراق ئاستەنگ لە بەردەم پێكهێنانی حكوومەتدا دروست دەكات، چونكە بەشێكی زۆری ناوچە سونییەكان لە ژێر دەستی داعشدان، ئەوەیش وا دەكات پەیوەندیی نێوان سوننە و حكوومەتی عێراق لێك بترازێت، چونكە سەركردە عێراقییەكان لە دەرەوەی ناوچەكانی خۆیانن و لە هەمان كاتیشدا بە پشكی خۆیان ڕازی نین".

گوتیشی، "كورد دەیەوێت چاوەڕێ بكات تا ئەو كاتەی حكوومەتی عێراق وەڵامی داواكارییەكان دەداتەوە، ئەوەیش دەبێ بە شێوەی گفتوگۆ بێت".

ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان (بەرزان هەورامی) بۆ KDP.infoگوتی، "دەبێت ئەم جارە هەرێمی كوردستان كار بۆ ئەوە بكات گرفتە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا یەكلا بكاتەوە كە گرینگترینیان گرفتی نەوت و بابەتی بودجە و دەستووری عێراقە، چونكە ناكرێت ئێمە بەشداری لە دەسەڵاتێكدا بكەین لە بەغدا و دواتر ئەو دەسەڵاتە بە گوشاری خۆی لە دەرەوەی دەستوور مەرج بۆ هەرێمی كوردستان دیاری بكات، لە كاتێكدا دەبێت هەموو لایەنەكانی عێراق پابەندبوونی خۆیان بە دەستوورەوە دووپات بكەنەوە".

هەرلەم بارەیەوە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران (ئارێز عەبدوڵڵا) بۆ KDP.infoدەڵێت، "زۆر گرنگە ئەم جارە كورد بۆ یەكلاكردنەوەی گرفتە سەرەكییەكانی خۆی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ و دانیشتن بكات، چونكە زۆر بڕگە و بابەتی دەستووری عێراقیش هەیە لێكدانەوە و تەفسیراتی جیاوازی بۆ دەكرێت، بۆیە مافی هەرێمی كوردستانە لە ڕێگەی ئەندامانی شاندی خۆیەوە كۆمەڵێك پرس لە بەغدا یەكلا بكاتەوە، بە تایبەتی گرفتی مووچەی پێشمەرگە و داهاتی هەرێًمی كوردستان و ماددە دەستوورییەكان بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دەسەڵاتێك لە بەغدا نەتوانێت قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستان ببڕێت".

لە ئێستادا شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی چارەكردنی گرفتەكان كارەكانی خۆی ڕاگرتووە، ئەوەیش بە هۆی گفتوگۆكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستە گرنگەكانی عێراق.

 

کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار