دەمیرتاش: بێ (ئەردۆغان)-یش پرۆسەی ئاشتی پەکی ناکەوێ

هەولێر-KDP.INFO- (سەڵاحەددین دەمیرتاش) کە ڕکابەریی سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەکات بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماریی ئەو وڵاتە، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بێ (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان)-یش پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد پەکی ناکەوێ و درێژەی دەبێ. بەڵام ئاشکرای نەکرد کە، ئایا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا دەنگ بە سەرۆکوەزیران دەدات یان نا.
(دەمیرتاش) کە کاندیدی پارتیی دیموکراتی گەلانە، لە ڕاپرسیێکدا کە بەم دوواییە ساز دراوە، بە جیاوازیێکی لە دوای دوو کاندیدەکەی ڕکابەرییەوە دێت.
کورد کە پێنجیەکی دانیشتووانی تورکیا پێک دەهێنێ، کلیلی گەرەنتیی گەییشتنی (ئەردۆغان)-ە بە دەنگی زۆرینەی ڕەها بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، کە وەها بڕیارە لە 10-ی ئۆگەست-ئاب-دا بەڕێوە بچێ و هەمان بایەخیشی هەیە کە ئەگەر بێت و پاش دوو هەفتە گەڕێکی دی ساز بدرێتەوە.
(ئەردۆغان) لە کۆی سەرۆکەکانی پێش خۆی زیاتر مافەکانی کوردی دەستبەر کردووە و بە هیوایشە کەڵک لە پشتیوانیی کورد ببینێت بۆ هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆکایەتیی وڵات.
هەر لە ماوەی فەرمانڕانیی (ئەردۆغان)-دا، دانوستانی ئاشتی لەگەڵ سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە(عەبدوڵلا ئۆجەلان)-دا بەڕێوە چووە و توانیویەتی کۆتایی بە شەڕی سی ساڵەی نێوان کورد و سوپای وڵاتەکەی بهێنێ کە 40هەزار کەس تێیدا کوژران.
بەڵام (دەمیرتاش) دەڵێ، داهاتووی پرۆسەی ئاشتی، تەنیا لەسەر (ئەردۆغان) پەکی ناکەوێ.
(دەمیرتاش) کە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ چووەتە شاری کولونیای باشووری ئەڵمانیا، لەوێوە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی، تەنیا لەسەر (ئەردۆغان) نەوەستاوە."
زیاتر دەڵی "ئەگەر ببم بە سەرۆک، دەستکەوتی زیاتر بەدەست دێنم. کاندیدی بەرهەڵستکاریش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی(ئەکمەلەددین ئیحسانئۆغڵوو)-یش دەڵێ، ڕێ لە بەردەوامیی و سازدانی دانوستان ناگرم."
پشتیوانییەکانی پارتیی دیموکراتی گەلان کە (دەمیرتاش) کاندیدەکەیەتی، کەمتر لە 10 لە سەدی ئەو دەنگانەی بەدەست هێناوە کە لە ڕاپرسییەکەی ئەم دوواییەدا بەشدار بوون، بەڵام ئاماژەیەکی ڕوونی داوە بەوەی کە زۆرینەی کوردانی تورکیا لە بەرژەوەندیی (ئەردۆغان) دەنگ دەدەن. بەڵام حیزنەکەی (دەمیرتاش) لە هەوڵی بەرفراوانکردنی جەماوەرەکەیەتی.
(دەمیرتاش)-ی پارێزەر کە 40 ساڵ تەمەنیەتی، بە تەمەن زۆر لە (ئەردۆغان)-ی 60 ساڵ و کاندیدی حزبی گەلی کۆماریی عەلمانی(ئەکمەلەددین ئیحسانئۆغڵوو)-ی 70 ساڵ بچووکترە.
لە ڕاپرسیێکدا کە مانگی ڕابرد ساز درا، دەرکەوت کە (ئەردۆغان) لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کا لە 10-ی ئۆگەست ساز دەدرێت، 56.55-ی کۆی دەنگەکان بە دەست دێنێ.
ئەگەر هاتوو لە گەڕی یەکەمدا هیچ یەک لە کاندیدەکان ڕێژەی 50 لە سەد نەباتەوە، ئەوا گەڕی دووەمی دووبارەکردنەوە لە 24-ی ئۆگەست ساز دەدرێتەوە.
سەرکەوت حەسەن




