ئەردۆغان: قۆناخی چارەسەری لە كارە لەپێشینەکانی منە

ئانکارا-KDP.INFO- سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند كە ئەگەر بێتو ببێتە سەرۆككۆماری توركیا ئەوا قۆناخی چارەسەری هەر لە كارە لەپێشینەكانی دەبێت.
(ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) رایگەیاند كە بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری قۆناخی چارەسەری پرسی كورد نابێت و گوتی: "ئەگەر ببمە سەرۆككۆماری توركیایش ئەوا لە هەوڵەكانم بۆ سەرخستن و بە ئەنجامگەیاندنی قۆناخی چارەی پرسی كورد بەردەوام دەبم و قۆناخی چارەسەری پرسی كورد لە کارە لەپێشینەکانم دەبێت."
(ئەردۆغان) هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە شەڕ دژی گرووپی (فەتحوڵلا گولەن) و دەوڵەتی شاراوەیش یەكێك لەو ئەركانەیە كە بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری نابێت و زیاتر گوتی "بۆ ئەو مەبەستەیش بڕیارمان داوە كە لە نێو كتێبی سووری توركیادا گۆڕانكاری بكرێت و هەبوونی گرووپی (گولەن) و دەوڵەتی شاراوە وەكو دوژمنی ناوخۆیی و دەرەكی لەسەر ئارامی و یەكپارچەیی توركیا بە جێ بكرێت تا بەو جۆرە هەموو دامودەزگاكانی دەوڵەت پێكەوە دەست بدەنە دەستی یەكتر و شەڕی گرووپ و دەوڵەتی شاراوە بكەن."
هیوا ئەردەلان




