٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مەسیحییەكانی مووسڵ (مالیكی) بە بەرپرسیار دەزانن

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.INFO- سەرۆكی كڵێسای سەیدە لە شارۆچكەی حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، حكوومەتی (مالیكی) لە سەرجەم ئەو كوشتار و دەربەدەرییەی كە ڕووبەڕووی عێراقییەكان دەبێتەوە، بە بەرپرس زانی و داوایشی كرد حكوومەتی داهاتووی عێراق لە بونیاتنانی وڵاتدا لاسایی هەرێمی كوردستان بكاتەوە.

سەرۆكی كڵێسای سەیدە لە شارۆچكەی حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا قەشە (جوبرائیل گورگیس تۆما) لە لێدوانیكدا بۆ kdp.infoرایگەیاند: "حكوومەتی (مالیكی) لە بەغدا هۆكاری دەربەدەری و ئازاردان و كوشتار و ئەو قەیرانانە بوو كە لە ئێستادا رووبەڕووی عێراقییەكان دەبنەوە، ئەمەیش بە هۆی ئەو ململانێیانەی كە لە نێوان حزبە سیاسییەكانی بەغدادا لەسەر كورسیی دەسەڵات هەیە."

قەشە (جوبرائیل) داوای لە حكوومەتی عێراق كرد رۆڵی خۆی لە جێبەجێكردنی بەرپرسیارەتییەكانی سەرشانی لە بەردەمی گەلی عێراقدا بگێڕێت و گوتی كە حكوومەتی عێراق تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی لە پێناو خزمەتكردنی گەلی عێراقدا نەناوە و بە تایبەتیش لە یارمەتیدانی ئاوارەكانی مووسڵ زۆر كەمتەرخەم بووە.

ئەو قەشەیە بە پێویستی زانی بەغدا كارەكان بە جیددی وەربگرێت و لە دامەزراندنی حكوومەتی نویی عێراق پەلە بكرێت ئەمەیش بۆ رزگاركردنی گەلانی عێراق لەم قەیرانانەی كە رووبەڕووی وڵات بوونەتەوە.

گوتیشی: "پێویستە حكوومەتی داهاتووی عێراق لە خزمەتكردنی گەل و بونیاتنان و ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا لاسایی هەرێمی كوردستان بكاتەوە."

سەبارەت بە هاوكاریكردنی ئاوارە مەسیحییەكانی مووسڵ كە بە هۆی هەڕەشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ئەو شارەیان جێ هێشتووە, قەشە (جوبرائیل) گوتی: "تا ئێستا تەنیا حكوومەتی هەریمی كوردستان هاوكاریی ئاوارەكانی كردووە و ئێمەیش وەكو كەنیسە هەر لە سەرەتاوە شوێنی حەوانەوەمان بۆ ئاوارەكانی لە حەمدانییە و تلكێف دابین كردووە, بەڵام حكوومەتی عێراق بێدەنگیی نواندووە و بە هیچ شێوەیەك هاوكاریی نەكردوون."

لە پێنجشەممەی رابردووەوە داعش داوای لە مەسیحییەكانی مووسڵ كردووە شارەكەیان جێ بهێڵن یان دەبێت سەرانە بە داعش بدەن یانیش ببن بە ئیسلام، ئەگەریش ئەو دوو مەرجە جێبەجێ نەكەن، ئەوا رووبەرووی كوشتن دەبنەوە, یان كۆتا رێگە ئەوەیە كە دەبێت مووسڵ جێ بهێڵن, بۆیە مەسیحییەكان مووسڵیان لە دوو رۆژی رابردوودا جێ هیشت و لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەست بەسەر سەرجەم ماڵ و موڵك و كەلوپەلەكانیاندا گیرا, لە ئێستایدا زۆربەیان ڕوویان لە ناوچە ئارامەكانی نەینەوا و هەرێمی كوردستان كردووە.

دڵشاد حوسێن

هەواڵی پەیوەندیدار