قەشەیەك: داعش لە مووسڵ، ماڵ و پارە، زێڕ و مۆبایلی مەسیحییەكانی بە تاڵان بردووە

مووسڵ-kdp.info- قەشەی یەكێك لە كڵێساكانی مووسڵ، چۆنیەتیی هەڕەشەكردن و چاوسووركردنەوەی چەكدارانی داعش لە مەسیحییەكان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "چەكداران بە ئاشكرا لە كۆڵان و شەقامەكان هاواریان دەكرد، ئەگەر ئەو شارە جێ نەهێڵن، بە شمشێر سەر دەبڕدرێن"، بە گوتەی ئەو، خێزانە مەسیحییەكان تووشی شۆك بوون كاتێك داعش لە بازگەكان هەموو ماڵ و پارە و زێڕ و مۆبایلەكانیان بە تاڵان بردوون.
قەشەی كڵێسای ئەلتەهارەوەلبەشارە لە مووسڵ (عەمانوئێل عادل گلۆ) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئۆتۆمبێلەكانی چەكدارانی داعش بڵندگۆیان هەڵگرتبوو و لە تەواوی گەڕەك و شەقامەكانی مووسڵ دەسووڕانەوە و هاواریان دەكرد، پێویستە مەسیحییەكان مووسڵ جێ بهێڵن، ئەگەر نا بە شمشێر سەر دەبڕدرێن. دەشڵًێت، ئەوانە دەیانەوێت دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی زیندوو بكەنەوە.
قەشە (عەمانوئێل) ڕوونیشی كردەوە، خێزانە مەسیحییەكان تووشی شۆك بوون كاتێك لە بازگەكان هەموو ماڵ و پارە و زێڕ و مۆبایلیان لێ وەرگرتن.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە مەسیحییەكان سوكایەتییەكی زۆریان پێ كراوە و تەنانەت هەموو بەڵگەنامەكانیان لێ وەرگیراوە و سووتێندراون.
بڵند ئیبراهیم




