داعش و هۆزەکان دەڵێن، بنکەی ئاسمانیی سپایکەریان کۆنترۆڵ کردووە

هەولێر-KDP.INFO- ڕێکخراوی دەوڵەتیی ناسراو بە (داعش) ڕایگەیاند، لەو هێرشەدا کە بۆ سەر سەربازگەی سپایکەر بەرپایان کردووە، زیانێکی گەورەیان بە هێزەکانی عێراق گەیاندووە. گوتەبێژ بەناوی چەکدارانی عەشیرەتەکانی مووسڵیش، دەڵێت، بنکەی ئاسمانیی "سپایکەر" لە تکریت بە تەواوەتی لەلایەن ئەوانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
(داعش) دەڵێ، هێزەکانیان هەڵمەتێکی گەورەی بۆ سەر ئەو سەربازگەیەی کە بە سپایکەر ناسراوە کردووە کو تێیدا فڕۆکە بەکار هێنراون، زیاتر دەڵێ، شەڕەکە تەنیا لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراقدا نەبووە، بەڵکە "هەواڵگریی ئێرانی و ئەمەریکاییش لەو شەڕەی دژ بە سوننەدا بەشدارییان کردووە."
گوتەبێژ بەناوی چەکدارانی هۆزەکانی مووسڵ کە بە خۆیان دەڵێن "شۆڕگێڕانی عەشیرەتەکان" (عەلی میعماری) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای کردووە کە بنکەی ئاسمانیی "سپایکەر" لە تکریت بە تەواوەتی لەلایەن ئەوانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، لەوبارەیەوە دەڵێ: "بنکەکە تۆکمەترین بنکەی ئاسمانییە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە ھێرشی ئەتۆمییش پارێزراوە لە دەستی چەکدارانی عەشیرەتەکاندایە و دەستمان بەسەر 10 ھەلیکوپتەر و نزیکەی 70 بۆ 80 پارچە کەولوپەلی یەدەگی فڕۆکەمان گرتووە."
چەکدارانی هۆزەکان لە عێراق کە بە یەکێک لە ئەکتیڤترین گرووپەکانی دژ بە حکوومەتی عێراق دەناسرێ و لە ناوچە گەرمەکانی عێراق لە دژی ئەو حکوومەتە شەڕ دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا زانیارییەکانییان بە تەواوەتی پشتڕاست نەکراوەتەوە بەھۆی بوونی شەڕ لەو ناوچانە.
ئەو گوتەبێژە کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەکانی سینییە و زڵووعییەشی پشتڕاست کردەوە.
لەبارەی بنکەی سپایکەریشەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە یەکەم بنکەی ئاسمانیی پارێزراوە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ھێرشی ئەتۆمییش، گوتی: "دوو شوێنی نیشتنەوەی ھەیە، یەکێکیان بە تەواوەتی وێران بووە، بنکەکە ژێرزەمینیشی تێدایە کە 50 مەتر لە ئاستی زەوی قووڵە و بۆ مرۆڤ و فڕۆکەش."
بەپێی هەواڵی ئاژانسەکانیش(داعش) دەڵێ، 18 ئەندامی ڕێکخراوەکەیان لە نێو سەربازگەکەدا کردەی خکوژییان ئەنجام داوە کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان ئەفسەر و سەرباز و تێکشکاندنی 7 فڕۆکە و سووتاندنی عەمباری سووتەمەنی، هەروەها تێکشکاندنی چەند زریپۆشێک، بەڵام دەستگا ڕاگەیاندنەکانی عێراق ڕاستیی ئەم ڵیدوانە و زانیارییانە ڕەت کەنەوە.
سەرکەوت حەسەن




