نوێنەری كلد و ئاشووری: 26 هەزار مەسیحی لە مووسڵ ئاوارە بوون

مووسڵ-تایبەت بە kdp.info-نوێنەری كلد و ئاشووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەپێی دوائامار نزیكەی 26 هەزار مەسیحی لە مووسڵ هەبوون، بەڵام لە دوای هەڕەشەی ئەم دواییەی داعشەوە، لە ئێستادا هیچ مەسیحییەك لەناو سەنتەری مووسڵدا نەماوە و هەموویان ئاوارە بوون.
نوێنەری كلد و ئاشووری لەپەرلەمانی عێراق (یونادم یوسف كەننا) بە kdp.infoـی راگەیاند: "مەسیحییەكانی مووسڵ لەژێر هەڕەشەیەكی جیددیدان و پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهانایانەوە بێت، چونكە حكوومەتی عێراق هیچ هاوكارییەكی نەكردوون و هەرێمی كوردستانیش پێشوازییەكی باشی هەبووە و ئەوەی لە توانایدا بووە كردوویەتی، لەبەر ئەوەی ماوەی حەوت مانگە بودجەی لە بەغدا بۆرەوانە نەكراوە و تووشی قەیرانی دارایی بووە، بۆیە ئێمە داوامان كردووە كە شوێنێك دروست بكرێت كە پێی دەگوترێت ناوچەی پارێزراو، نەك تەنها بۆ مەسیحییەكان، بەڵكە بۆ ئاوارەكانی دیكەیش وەكو شیعە و توركمان و ئێزدی و شەبەك كە لە ژێر هەڕەشەدان".
نوێنەری كلد و ئاشووری زیاتر گوتی: "دوای هەڕەشەی ئەم چەند رۆژەی رابردووی داعش لە مەسیحییەكان، لە ئێستادا مەسیحییەكان مووسڵیان چۆڵ كردووە".
(یونادم سویف كەننا) ئەوەیشی خستە ڕوو، لە دوای ساڵی 2003ـوە نزیكەی 50 هەزار مەسیحی لەناو سەنتەری شاری مووسڵ هەبوون، بەڵام بەپێی دوائامار رێژەكە بۆ 26 هەزار كەس كەم بووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا هیچ هاووڵاتییەكی مەسیحی لەناو سەنتەری شاری مووسڵ نەماوە.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا داعش داوای لە مەسیحییەكانی مووسڵ كرد پێویستە سەرانە بدەن یاخود ببنە ئیسلام، ئەگەرنا بە شمشێر سەریان دەپەڕێنن.
بڵند ئیبراهیم




