٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ملیان بە شمشێر دەپەڕێندرێ.. سبەی دوامۆڵەتی مەسیحییەکانە مووسڵ چۆڵ بکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  ئەمڕۆ هەینی، پاش هەڕەشەلێکردنیان، ژمارەیەک لە مەسیحییەکانی شاری مووسڵ لە ترسی (داعش) بەرەو دەوروبەری شارەکە ڕایانکردووە. هەڕەشەکەی (داعش) بۆ مەسیحییەکان ئەوەیە کە، ئەگەر تا سبەی شەممە مووسڵ جێ نەهێڵن جیا لەوەی کە دەست بەسەر ماڵ و سامانیاندا دەگیرێت، دەشیانکوژن.

شایەتحاڵێک دەڵێ، بە چاوی خۆی بینیویەتی کاتێک ژمارەیەک لە مەسیحییەکان، لە ترسی هەڕەشەکانی (داعش) ڕایانکردووە و ماڵەکانیان جێ هێشتووە، نەبادا بکوژرێن. ئەو شایەتحاڵە هاوکات دەڵێت، لەسەر دیواری ماڵی مەسیحییەکان نووسراوە، "موڵکی دەوڵەتی ئیسلامی"-یە و (داعش) بە کردەنیش هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی مەسیحییەکانی دەست پێ کردووە.

ئەو سەرچاوەیە بە "مەداپرێس"-ی ڕاگەیاندووە، "ئەم دوانیوەڕۆیە، داعش بڵاوکراوەی هەڕەشەئامێزی پەخش کردوون و تێیاندا هاتووە: "ئەو مەسیحیانەی بۆ خۆیان و بێئەوەی هیچ شتێک لەگەڵ خۆیاندا ببەن، مووسڵ جێ نەهێڵن، بە شمشێر ملیان بپەڕێنن"، دوامۆڵەتیش بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی داعش سەعات 12-ی نیوەڕۆی سبەی شەممەیە.

سەرچاوەکە زیاتر گوتی، "چەکدارانی داعش بە هاوکاریی شوێنکەوتووانیان لە مووسڵ، هەرچی پارە و زێڕی مەسیحییەکان هەیە دزیویانە و بردوویانە"، جیا لەوەش "بەسەر دیواری ماڵەکانەوە نووسیویانە، موڵکی دەوڵەتی ئیسلامییە."

لە 10-ی حوزێرانی ڕابردوو، ڕێکخراوی (داعش) دەستی بەسەر شاری مووسڵدا گرت و بەمەیش کۆی جومگە سەرەکییەکانی ئەو شارەیان کەوتە دەست، هاوکات سەدان لە گیراوانی زیندانەکانی ئازاد کردن، ئەمەیش بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە هاووڵاتیانی ئەو شارە کە زۆریەیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

 

سەرکەوت حەسەن

هەواڵی پەیوەندیدار