٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

یوئێن: حکوومەتی(مالیکی) و ئەو گرووپانەی سەر بە ئەون، تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  یوئێن ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا و نە هۆی توندوتیژییەکانەوە و هێرشی چەکدارانی سوننە لە باکووری عێراق، 5576 هاووڵاتیی عێراقی کوژراون. هاوکات دەڵێت، حکوومەتی (مالیکی) و ئەو گرووپانەی لێیەوە نزیکن، بێ دادگاییکردن زیندانیان دەکوژن و تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکیدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوی کردووەتەوە، ڕایدەگەیەنێت، لە مانگی یەنایەر-کانوونی دووەم-ەوە، بە هۆی دەستبەسەرداگرتنی شاری فەللوجە بە سەرکردایەتیی "دەوڵەتی ئیسلامی"، زیاتر لە 11665 کەس بوونەتە قوربانی.

مانگی ڕابردوویش، چەکدارانی سوننە بە هاوکاریی ڕێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" دەستیان بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی باکووری عێراقدا گرت کە شاری مووسڵ سەرەکیترینیان بوو.

لە ڕاپۆرتێکی پێشووتریدا، یوئێن ڕایگەیاند کە، لەو 2400 کوژراوەی مانگی حوزێران، 1531-یان هاووڵاتی بوون.

ڕاپۆرتەکەی یوئێن جەخت دەکاتەوە لە "پێشێلکاریی بەرنامەدار و ئابڕوبەر" کە لە لایەن ئەو گرووپەی ناوی لە خۆی ناوە "دەوڵەتی ئیسلامی" دژ بە قانوونی نێودەوڵەتییە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەیشی داوە کە ئەو گرووپە(داعش)، خەڵکیان لەدار داوە و کاری توندوتیژیی سێکسی بەرانبەر بە ژن و کچانی ئەنجام داوە و هەروەها سەرکردەی سیاسی و ئایینی، هاوکات کەسایەتیی هۆزەکانیشیان تیرۆر کردوون،  کوشتنی منداڵیش پێشێلکاریی دیکەی ئەو گرووپەیە.

یوئێن لە ڕاپۆرتەکەیدا، بە وردی سەرپێچی و پێشێلکارییەکانی هێزەکانی حکوومەتی (مالیکی) و گرووپگەلی نزیک لە حکوومەت، خستووەتە ڕوو و، کوشتنی زیندانیان بێ دادگاییکردن وەک نموونە هێناوەتە بەر باس و ئەمەیشی بە تاوانی جەنگ ناو بردووە.

ئاماژەیشی داوە کە، نەتەوە یەکگرتووەکان بە هۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی عێراقەوە، لە توانایدا نییە ڕاستەوخۆ چاودێریی ڕووداوەکان بکات و لێیان بکۆڵێتەوە.

هەربەپێی ڕاپۆرتەکە، لە مانگی ڕابردووەوە، زیاتر لە ملیۆنێک و دووسەد هەزار کەس ئاوارە بوون.

سەرکەوت حەسەن لە ڕۆیتەرزەوە

هەواڵی پەیوەندیدار