٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئیسرائیل هێرشی وشکانی بەرپا کرد و حەماسیش هۆشداری دەدات

سەرچاوە: KDP.info
تانکێکي ئيسرائيلي لە نزيک سنووري غەززە. دوێنێ پێنجشەممە.

هەولێر-KDP.INFO- پاش 10 ڕۆژ لە شکستبردنی بۆردوومانی ئاسمانی و دەریاییی هێزەکانی ئیسرائیل بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشە مووشەکییەکانی چالاکوانانی کەرتی غەززەی فەلەستینی، هێرشی زەوینیی ئیسرائیلی هاوتای هێرشە ئاسمانییەکانی بەرپا کرا.

ئیسرائیل دەڵێت، هێرشی داگیرکاریمان سنووردار دەبێت و بۆ سەر ئەو ناوچانایە کە چالاکوانانی بزووتنەوەی حەماس تونێڵیان تێیدا لێداوە و بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی بە کاریان دەبەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، تەقینەوەکان ئاسمانی ناوچەگەلێکی کەرتی غەززەیان ڕووناک کردووەتەوە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ملیۆنێک و 800هەزار کەسە. فەلەستینییەکانی غەززە دەڵێن ژمارەیەکی کەمی تانکەکانی ئیسرائیلیان بینیون کە سنووری وڵاتەکەیان بەرەو غەززە جێ هێشتووە.

درەنگانی دوێنێ پێنجشەممەیش، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل(بنیامین نەتەنیاهو)، ڕایگیاند کە فەرمان دراوە ئەو تونێڵانە بڕووخێندرێن کە بۆ دزەکردنی چالاکوانان بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بە کار دەبرێن.

گوتەبێژ بە ناوی سوپای ئیسرائیلی دەڵێ، ئەو هێرشە وشکانییە(زەوینییە) جگە لە شکستبردن لە بزووتنەوەی حەماس کە دەستی بەسەر کەرتی غەززەدا گرتووە، هیچ شتێکی دی بە ئامانج ناگرێت.

لە بەرنبەردا، بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، هێرشی وشکانیی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززە "گەمژانەیە" و ئاکامی ترسناکی دەبێت. گوتەبێژ بە ناوی حەماسەوە(سامی ئەبو زەهری) بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، هێرشی زەوینی، سەرکردایەتیی حەماس و فەلەستینییەکان ناترسێنێ.

(ئەبو زەهری)، هاوکات هۆشدارییشی دا بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لەو هێرشە "گەمژانە"-یە و دەڵێ ئاکامی ترسناکی بەدوادا دێت.

سەرچاوە پزیشکی و دانیشتوانی غەززەیش دەڵێن، ئەو ناوچەیەی لە سنووری ڕۆژهەڵات لە شاری ڕەفحی باشوور تا دەگاتە باکووری غەززە،  بە چڕی تۆپباران دەکرێت.

دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەڵێن، شەڕ و پێکدادان، بە درێژایی ئەو سنوورانە و لە هەردوو شارۆچکەی بێت حانون و بێت لاهیای باکووریش درێژەی هەیە.

 

سەرکەوت حەسەن

هەواڵی پەیوەندیدار