داعش بازرگانی بە نەوتی ڕەشەوە دەكات

كەركووك-KDP.info- جێگری لیوای 9ـی پیادە ڕایگەیاند، لە بەرانبەر دەسدرێژییەكانی داعشدا كۆمەڵێك ڕێوشوێنی ئەمنیی توندیان گرتووەتە بەر. دەشڵێت: "داعش بازرگانی بە نەوتی ڕەشەوە دەكات".
جێگری لیوای 9ـی پیادە عەمید (فایەق قادر حەمەساڵح) لە لێدوانێكدا بۆKDP.info گوتی: "بە هۆی دانانی چەند بازگەیەك لە ناوچەكانی داقووق و دەوروبەری بە مەبەستی بەرگرتن لە هێرشی داعش، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت و مایەی نیگەرانییە، لە رێگەی گوندەكانی "ئەبومحەممەد" و "عەرەبكویی" بە فەرمانی هەندێك بەرپرس و فەرماندە و دەستڕۆیشتووی ناوچەكە بە تەنكەر نەوتی ڕەش دەردێنن و بە قاچاخ ئاودیوی كەركووكی دەكەن و لەوێشەوە بۆ ئێران دەڕوات، گرووپی داعشیش لە گوندی "غەیدە" تانكەری بە 11 هەزار و 600 دۆلار دەفرۆشێت و پسوولەیشی بۆ دەكەن".
گوتیشی: "وەزارەتی پێشمەرگە، سەرۆكایەتیی دەستەی ئەركان و هەواڵگریی پێشمەرگە دەكەین لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بكەن و ئێمەیش هاوكاریان دەبین بە پێدانی زانیاری و كات و شوێن و ناوی ئەو كەسانەی دەستیان لە فرۆشتنی نەوتی ڕەشدا هەیە".
کارزان هەورانی




