ڕاوێژكارێكارێكی ئەمەریكایی لە عێراق: بە ئەمەریكام گوت كە (مالیكی) وەك (سەددام) خۆی بەهێز دەكات

هەولێر-(KDP.INFO -CNN)-ڕاوێژكاری تایبەتی وڵاتە یەكگرتووكانی ئەمەریكا لە عێراق (عەلی خزێری)، نیازەكانی سەرۆكی حیزبی دەعوەی عێراقی (نووری مالیكی) ئاشكرا دەكات و، ئەوەیش باس دەكات كە چۆن بۆ ئەمەریكاییەكانی پێشنیاز كردووە، هاوكاری بن تا ببێ بە سەرۆكوەزیرانی عێراق و دواتر چی ڕووی دا.
(خزێری) لە دیمانەیەكی كەناڵی CNNـدا كە (كریستیان ئامانپوور) لەگەڵیدا سازی داوە، گوتی، "ئەوكات باوەڕمان وا بوو كە پێویستە سەرۆكوەزیرانێكی شیعی فەرمانڕان بێ تا وەك ڕێكخراوی قاعیدە، میلیشیا شیعییەكانیش لەنێو ببات.. هەر ئەوەیش بوو كە (نووری مالیكی) لە ساڵی 2006 تا 2008 ئەنجامی دا."
(عەلی خزێری) كە یەكێكی ئەو بەرپرسانەی ئەمەریكایە زۆرترین كاتی لە عێراق بەسەر بردووە، زیاتر گوتی، "لە ساڵی 2010 و پاش دابەزینی توندوتیژی بە ڕێژەی نەوەت لە سەد، وا پێویست بوو كۆشكی سپی و جێگری سەرۆككۆمار (جۆ بایدن) و گەورەبەرپرسانی دیكەی ئەمەریكا ئاگادار بكرێنەوە كە دەبێ، چی دی پشتیوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) نەكەن."
زیاتر دەڵێ، "ئەوكات ئاماژەی ئاشكرا و ڕوون هەبوون كە (مالیكی) دەیەوێت دەوڵەتێكی ئایینیی شیعی بۆ خۆی و حیزبە سیاسییەكەی دروست بكات"، ڕێك وەك ئەوەی (سەددام حوسێن) كۆی دەستەڵاتەكانی لە دەست خۆیدا كۆ كردبوونەوە، گوتیشی "هەوڵم دا باسی ئەوە بكەم كە (مالیكی) بڕوای بە دابەشكارییە، تاییفییە بە ئاستێكی زۆر بەرز، ئەوكات بەڵگەی ڕوونیش هەبوون كە زۆرتر وابەستەی ئێرانە.. هەموو ئەو شتانە ئاشكرا و ڕوون بوون و بۆ ئێمە كتوپڕ نەبوو."
(خزێری) دەشڵێت، "ئەمڕۆ گەورەبەرپرسێكی عێراق پێم دەڵێ، (نووری مالیكی) سەرۆكوەزیرانی عێراق نییە، بەڵكە سەرۆكوەزیرانی ناوچەی سەوزە بە تەنیا-ئەو ناوچەیەی بەغدا كە بە توندترین شێوە پاسەوانیی دەكرێ و بارەگای حكوومەت و كۆنسووڵخانەی وڵاتانی لێیە-."
ڕوونیشی كردەوە، "ئاشكرایە كە (مالیكی) حوكمی هەرێمی كوردەكان ناكات كە یەك لە سێی عێراق پێك دێنن، حوكمی نێوەڕاستی وڵاتیش ناكات كە سوننەكانی لێن، تەنانەت حوكمی یەك لە سێی شیعەكانی باشووریش ناكات، چونكە، گەورەبەرپرسی ئێرانی (قاسم سلێمانی)، لە ڕێی میلیشیاكانەوە حوكمی ئەو یەك لە سێیە دەكات."
دەربارەی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)ـیش، (خزێری) دەڵێ، "داعش، پێنج لە سەدی كۆی ئەو پێنج تا شەش ملیۆن سوننییە پێك دێنن كە بەرەنگاری بەغدا بوونەتەوە.. نزیكەی بیست لە سەدیش بەرپرسانی بەعسن كە لە حكوومەتەكەی (سەددام) بەرپرسارەتییان هەبووە.. بەڵام ئەو شەست تا حەفتا لە سەدەی كە دەمێنێتەوە، ئەندامانی هۆزەكانی سوننەن كە بێكارن و ئاو و كارەبایان نییە."
سەركەوت حەسەن




