٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داعش لە خورماتوو شكستێكی گەورەی برد

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-تایبەت بە KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو دەڵێت، لە شەوی رابردووە لە سنووری شارۆچكەی خورماتوو شەڕ دەستی پێ كردووە و تا ئەم بەیانییەیش فڕۆكەكانی سوپای عێراق شارەدێی سلێمان بەگیان بۆردوومان دەكرد.

بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو ڕائید (فارووق ئەحمەد) تایبەت بە kdp.infoـی راگەیاند: "دوێنێ سەعات هەشت داعش لە شەش لاوە هێرشی كردە سەر ناحیەی ئامرلی كە دانیشتووانەكەی شیعەمەزهەبن و ماوەیەكە گیریان خواردووە و ناتوانن هاتوچۆ بكەن و بە فڕۆكە لە بەغداوە چەك و خواردنیان بۆ دێت و هاوكارییەكی باشیان دەكرێت، بۆیە داعش سەركەوتوو نەبوون و شكستێكی گەورەیان هێنا، چونكە ئەو خەڵكە شەڕێكی قورسیان كردووە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بگیرێن بە ماڵ و خێزانەوە لەناو دەچن، بۆیە شەڕی مان و نەمانیان كردووە".

ڕائید (فارووق) گوتیشی: "لەبەر ئەوەی هاتوچۆ بۆ ئەو ناحیەیە نییە زەرەروزیانەكان نەزانراون، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی بۆ ئێمە هاتووە، چەند ئۆتۆمبێلێكی داعش سوتاون و زیانێكی زۆریان بەر كەوتووە، هەروەها چەند كەسێكی خەڵكی ناحیەی ئامرلییش بریندار بوونە".

 بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو زیاتر ڕوونی كردەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆیش فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق سنووری ناحیەی سلێمان بەگیان بۆردوومان كردووە، بەڵام زەرەروزیانەكان نەزانراون.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار