د.دیندار زێباری: ڕێگری لە فڕۆکە بارهەڵگرەکان، قەیرانی ئاوارە ناوخۆییەكان قووڵتر دەكاتەوە

هەولێر-KDP.info- (د.دیندار زێباری) دەڵێت، بە هۆی ڕێگریکردنی حكوومەتی بەغدا لە هاتنی فڕۆکە بارهەڵگرەکان بۆ هەرێمی کوردستان، كۆسپی زیاتر لەبەردەم هاوكارییە مرۆییەكاندا دروست بووە و قەیرانی ئاوارە ناوخۆییەكان لە هەرێمی كوردستاندا قووڵتر دەكاتەوە.
لە دیداری هەفتانەی خۆیدا و لە ژووری بەڕێوبردنی قەیرانەكان، لە بارەگای فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبونەوەیەكی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكاندا ئەنجام دا.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان(د.دیندار زێباری)، ڕایگەیاند، شەپۆلێكی گەورەی ئاوارە ناوخۆییەكان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە كە پێویستە حكوومەتی فیدراڵی عێراق هاوكاری و پشتیوانی زیاتریان بۆ دابین بكات. هاکات لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت كرایەوە كە، ئێستا ئاستەنگ و بەربەستی گەورە دروست بوونە بۆ گەیاندنی كۆمەكە مرۆییەكان، چونكە لە 10ی تەممووزدا، دەسەڵاتدارانی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراق، مۆڵەتی گەشتی فڕۆكەی بارهەڵگریان بۆ فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر ڕاگرتووە، ئەم هەنگاوەی حكوومەتی بەغدایش كۆسپی زیاتر لەبەردەم هاوكارییە مرۆییەكاندا دروست دەكات و قەیرانی ئاوارە ناوخۆییەكان لە هەرێمی كوردستاندا قووڵتر دەكاتەوە.
نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەماهەنگیكردن لە بواری كاروباری مرۆییدا لێدوانێكی بڵاو كردەوە لەبارەی قەیرانی ئاوارە ناوخۆییەكان بە تایبەتی و لایەنە مرۆییەكەی ئەو قەیرانە، كە تێیدا هاتووە، ژمارەیەكی گەورەی ئاوارەی ناوخۆیی و پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا دەژین كە پێویست دەكات بە پەلە هاوكاری و یارمەتییان بۆ دابین بكرێت، بەوپێیە ئەم هەنگاوەی دوایی حكوومەتی بەغدا، ئەوەندەی دیكە قەیرانی ئاوارە ناوخۆییەكان ئاڵۆزتر دەكات. لەبەر ئەوە نووسینگەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە زۆر گرینگە بەغدا فەرمانی ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە بارگەهەڵگرە مرۆییەكان هەڵبَوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی كۆمەكی مرۆیی بگاتە ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی كوردستان دەژین.
هەروەها جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە تێكڕای ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی سووریا و توركیا و ئێران بەم شێوەیەیە:
ئاوارە ناوخۆییەكان: 216,000 كەس لە دەوروبەری شاری دهۆك.
ئاوارە ناوخۆییەكان: 100,000 كەس لە دەوروبەری شاری هەولێر.
ئاوارە ناوخۆییەكان: 5000 خێزان لە دەروبەری شاری كەركووك.
ئاوارە ناوخۆییەكان: 8000 كەس لە دەروبەری شاری سلێمانی.
ئەو ژمارانەی سەرەوە بریتین لەو ئاوارە ناوخۆییانەی لە دوای توندوتیژییەكانی ئەم دواییە هاتوون. كە پێشتر نزیكەی 170,000 ئاوارەی ناوخۆیی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك دەژیان.
ئەوەی پەیوەندی هەبێت بە سووریاییەكان و پەنابەرانی دیكەی ئێران و توركیاوە:
ئەوا ژمارەی تەواوی پەنابەرانی سووریا كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین بریتییە لە 218,597 كەس. 96,000 كەسیان لە كەمپەكاندا دەژین، 122,597 كەسەكەی دیكەش لە دەرەوەی كەمپەكاندا ژیان بەسەر دەبەن.
هەروەها ئاماژە بەوە كرا كە نزیكەی 12,400 پەنابەر لە توركیاوە هاتوون و حاڵی حازر لە كەمپی مەخمووردا دەژین، هەروەها 3000 پەنابەریش لە ئێرانەوە هاتوون و لە هەرێمی كوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن.
(د.زێباری) زیاتر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە، زۆر گرینگە حكوومەتی فیدراڵی عێراق هەوڵ و كۆششەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی پشتیوانی و هاوكاریی مرۆیی لەبەرچاو بگرێت و هەماهەنگی و پاڵپشتیی زیاتر پێشكەش بكات لەم ڕووەوە.
سەرکەوت حەسەن




