حەماس: بە میسرمان گوتووە دەستپێشخەریی وەستاندنی شەڕمان ڕەت کردووەتەوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، دەڵێت، بزووتنەوەکەیان بە فەرمی بە میسری ڕاگەیاندووە کە ئەوان دەستپیشخەریی ئاگربەست لە غەززە ڕەت دەکەنەوە.
گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی (سامی ئەبوزەهری) ڕایگەیاند، "پوختەی گفتوگۆکانی دامەزراوەکانی بزووتنەوەکە ڕەتکردنەوەی دەستپێشخەریی ئاگربەستە و شەوی ڕابردوویش حەماس ئەوەی بە قاهیرە ڕاگەیاندووە کە بەو دەستپیشخەرییەی میسر بۆ ئاگربەست پێشکەشی کردووە، ڕازی نییە."
باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، دوێنێ سێشەممە لە ڕووی کردەنییەوە دەستپێشخەرییەکەی میسری ڕەت کردەوە.
هەر دوێنێ سێشەممە، ئیسرائیل بۆ ماوەیەک هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە ڕاگرت، بەڵام پاش دەستپێکردنەوەی هێرشە مووشەکییەکانی حەماس کە لە کەرتی غەززەوە دەکرایە سەری، ئەویش ئەمڕۆ چوارشەممە هێرشە مووشەکییەکانی دەست پێ کردەوە.
هەفتەیەکە، بزوووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و وڵاتی ئیسرائیل بە مووشەک یەکدی بۆردوومان دەکەن و ئەمەیش لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی حەماس بە بەرەنگاربوونەوەی داوای وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی ناو دەبرێت، لە ڕازینەبوون بە وەستاندنی شەڕ.
سەرکەوت حەسەن




