٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پڕۆژەیاسای قۆناخی چارەسەری پرسی كورد لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاو كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئانکارا-Kdp.info-  پڕۆژەیاسای قۆناخی چارەسەری پرسی كورد دوای ئەوەی دوێنێ لە لایەن سەرۆككۆماری توركیا (عەبدوڵلا گول)-ەوە پەسەند كرا، ئەمڕۆ  لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاو كرایەوە.

پڕۆژەیاسای قۆناخی چارەسەری كە بۆ بەرەوپێشەوەبردنی قۆناخەكە دەستەڵاتی رەهای بە ئەنجوومەنی وەزیران داوە دوای پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆككۆماری توركیاوە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاو كرایەوە.

لە بابەت ئەو پڕۆژەیاسایەوە نووسراوە، مەبەست لەو پڕۆژەیاسایە كۆتاییهێنان بە پرسی تیرۆر و بەهێزكردنی یەكیەتیی كۆمەڵایەتییە و ئەو پڕۆژەیاسایە هەوڵ بۆ رێكخستنی رێباز و بنەماكانی قۆناخی چارەسەری دەدا.

لە بەشی جێبەجێكردن، چاودێری و سەرپەرەشتیكردندا ئاماژە بەو هەنگاوانە كراوە كە پێویستە حكوومەت لە چوارچێوەی قۆناخی چارەسەریدا جێبەجێیان بكا.

*بۆ كۆتاییهێنان بە پرسی تیرۆر و بەهێزتركردنی یەكیەتیی كۆمەڵایەتی، لە بوارەكانی سیاسی، یاسایی، ئابووریی كۆمەڵایەتی، دەروونی، كولتووری، مافی مرۆڤ، ئاساییش و پرسی چەكدانان و چەندین بابەتی دیكەی گرێدراو ئەو هەنگاوە پێویستانە دەستنیشان دەكەن كە پێویستە جێبەجێ بكرن.

*ئەگەر پێویست بكا لە سەر ئاستی ناوخۆیی و لە سەر ئاستی دەرەكیدا لەگەڵ كەس و رێكخراو و دامودەزگاكاندا دیدار و دیالۆگ ئەنجام دەدرێ و لەو بوارەدا بڕیار لەسەر ئەنجامدانی دیدار و دیالۆگ دەدرێ و ئەو كەسانەی ئەو دیدار و دیالۆگە ئەنجام دەدەن دەستنیشان دەكرن.

*بۆ گەڕانەوە و بەشداریكردنی ئەو ئەندامانەی پەكەكە كە واز لە چەك دەهێنن بۆ ماڵەوە و بۆ نێو ژیانی كۆمەڵایەتی هەنگاوی پێویست جێبەجێ دەكرن.

*لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا لە كاتی خۆیدا و بە شێوەیەكی شەفاف رای گشتی لە هەموو ئەو هەنگاوانە ئاگادار دەكرێتەوە كە جێبەجێ دەكرێن.

*چاودێری لەسەر دەرئەنجامی ئەو رێوشوێنانە و ئەو هەنگاوانە دەكرێ كە جێبەجێ كراون و لە نێوان دامودەزگاكاندا هەماهەنگی و هاوكاری دەبێ.

*گۆڕانكاریی پێویستی یاسایی ئەنجام دەدرێن.

لە بەشی دەسەڵات و سكرتاریەتی پڕۆژەیاساكەدا دەستەڵاتی رەها بە ئەنجوومەنی وەزیران دراوە بۆ ئەوەی لە بواری بەرەوپێشەوەبردنی قۆناخی چارەسەریدا بڕیاری پێویست دەربكا. ئەو كارانەی لە چوارچێوەی قۆناخی چارەسەریدا ئەنجام دەدرێن لە لایەن راوێژكاری سیستەم و ئاساییشی كۆمەڵایەتییەوە چاودێرییان لەسەر دەكرێ.

 لە بەشی جێبەجێكردنی بڕیارەكاندا ئاماژە بەوە كراوە كە پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی لەو چوارچێوەیەدا پێیان رادەسپێردرن هەوڵی جیددی بدەن. لە مادەی دووەمی ئەو پڕۆژەیاسایەدا باسی ئەوە كراوە كە ئەو كەس یا ئەو دەزگا و ناوەندانەی ئەركەكانی هەر سێ خالی 1،2،3 لە مادەی یەكەم جێبەجێ دەكەن لە بەرامبەر یاسادا بەرپرسیار نابن و بە هۆی جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەوە رووبەرووی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە ناكرێنەوە.

هیوا ئەردەلان

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار