چەکدارانی توندڕۆ، لە بەغدا نزیکتر بوونەوە

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەکانی پۆلیس و شایەتحاڵیش دەڵێن، چەکدارانی سوننە کە ناوچەگەلێکی باکووری عێراقیان خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەی زلوعییە و دەستیان بەسەر هەندێکی جومگە سەرەکییەکانیدا گرتووە.
سەرچاوەکان دەڵێن، چەکداران بە 50 تا 60 ئۆتۆمێلەوە، سەعات سێ و نیوی ئەم سەرلەبەیانییە هێرشەکەیان بۆ سەر شارۆچکەی زلوعییەی 70کم باکووری بەغدا بەرپا کردووە و بەشێکی جومگە سەرەکییەکانی ئەو شارەیان کۆنترۆڵ کردووە و لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی بنکەی پۆلیسیشدان.
هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی شارۆچکەکە، میلیشیای "ئەهلولحەق" لە پاڵ هێزەکانی سەر بە سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، لە 14-ی حوزێران، هێرشیان بۆ سەر چەکداران لە زلوعییە ئەنجام دا، بەڵام شەڕ درێژەی کێشا و چەکداران تتوانییان دەست بەسەر ناوچەگەلێکی دیکەدا بگرن.
سەرچاوەکان هاوکات دەڵین، لەو شەڕی ئەمڕۆ یەکشەممەی زلوعییەدا، جیا لە پۆلیسی شارۆچکەکە، چەکدارانی هۆزەکانیش بەرەوڕووی چەکدارە توندڕۆکان بوونەتەوە. زیاتر گوتیان، 4 پۆلیس و دوو چەکدار و دوو هاووڵاتییش کوژراون.
ئاماژەیشیان دا، چەکداران هاوکات ئەو پردەی کە زلوعییە و شارۆچکەیەکی دیکەی شیعەنشین پێکەوە دەبەستێتەوە، بۆردوومان دەکەن.




