بەرێوبەری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی دیالە رفیندرا

دیالە-KDP.info- سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، چەکدارە توندڕۆکان، بەرێوبەری ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیان رفاندووە.
سەرچاوەکە کە ناوی نەبراوە زیاتر گوتی، بەرێوبەری ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دیالە(عامر لەتیف) لەگەڵ ھاوڕیەکی لە ناو باخچەکەی خۆی لە ناحیەی بەھرەزی سەر بە دیالە لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە، رفیندراون و هێشتا چارەنووسیان نادیارە.
لای خۆشیەوە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە (عەبدولخالق عەززاوی) بە عێراق ئەلحوڕەی راگەیاندووە، لە ماوی ھەفتەی رابردوو چوار کەس لە دیالە رفێندراون کە دووانیان بە پارە ئازاد کراون، یەکێکیان بە 90ھەزار دۆلار و ئەوەی دیکەیش بە 40ھەزار دۆلار و دوو ھاووڵاتیی دیکەش کوژراون و تەرمەکەیان لە ماڵێک لە ناوەراستی ناحیەی مەنسورییە دۆزراونەتەوە.
(عەززاوی) ئەوەشی روون کردەوە، بەرپرسیارەتی ئەو کارەش دەکەوێتە ئەستۆی ھێزە ئەمنییەکان، چونکە رێگەیان بە چەکداری خۆبەخش کردووە بچنە نێو ریزەکانیان و ھێزە ئەمنییەکانیش توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو چەکدارانەیان نییە.
بڵند ئیبراھیم




