٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سیروان زەهاوی: كاتی ئەوەیە دەستووری عێراق هەموار بكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info
ئەندامي پێشووي ئەنجوومەني نوێنەراني عێراق (سيروان زەهاوي)

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پێشێلكاریی گەورەی دەستوور لە عێراقدا كراوە و دەسەڵاتی تاكەكەس بەسەر دامەزراوە حكوومییەكاندا زاڵە. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە هەندێك دەقی دەستوور دەبێت هەموار بكرێنەوە.

ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سیروان زەهاوی)، لەبارەی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراقەوە بۆ KDP.info دەڵێت: "پێویستە دەستوور هەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی شتی دیكەی بۆ زیاد بكرێت، بەڵام ئەوەی لە عێراقدا ڕوو دەدات گرفتی جێبەجێنەكردنی دەستوورە، لە كاتێكدا ئەگەر گرفتی عێراق لەسەر دەستوورە، ئەوا بە هۆی گۆڕانكارییەكانی جیهانەوە دەكرێت پێداچوونەوە بۆ دەستوور بكرێت، دەوڵەتی یاسایش دەڵێت ئەوەی لە عێراقدا ڕووی داوە دوو هۆكاری هەیە، یەكەم: دەستوور و دووەم ڕێككەوتنی سیاسی كە عێراقیان بەرەو هەڵدێر بردووە، لە كاتێكدا ڕێككەوتن بۆ ئەوە كراوە گرفت لە عێراقدا نەمێنێت نەك بۆ ئەوەی لایەنێك پەراوێز نەخرێت و گرفت لە بەردەم پێكهاتەكانی عێراقدا دروست نەبێت، ئەوەیشی پەیوەندی بە دەستوورە هەیە گرفت نییە، جێبەجێنەكردنی گرفتە".

 گوتیشی: "ماددەی 140 كە پەیوەندیی بە كوردستانەوە هەیە، هەروەها ماددەی 142 كە پەیوەندیی بە سوننەكانەوە هەیە جێبەجێ نەكراون، بۆیە دەبێت هەندێك دەقی دەستوور هەموار بكرێنەوە، یەكێك لەوانە  ماددەی 9ـی دەستوورە كە دەبێت باڵانس بۆ پێكهاتەكان لەناو سوپای عێراقدا هەبێت و نابێت بۆ شەڕی ناوخۆ بەكار بهێنرێت".

لەبارەی گرنگترین سەرپێچییە دەستوورییەكانەوە، (زەهاوی) ئەوە دەخاتە ڕوو كە مادەی 80ـی دەستووری عێراق كە باس لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران دەكات (مالیكی) قۆرخی كردووە، لە جێگەی ئەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەن جێبەجێ بكات، خۆی بڕیار دەردەكات و جێبەجێیان دەكات، لەوەیش مەترسیدارتر ئەوەیە كە هەوڵێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە هەیە بۆ ئەوەی لەوێوە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراق سنووردار بكرێت واتە دەسەڵاتەكانی "تەشریعی" كەم بكرێتەوە و لە ئەنجوومەنەوە پڕۆژەیاسا بنێردرێتە پەرلەمان، واتە كاتێك لە وەزیرانەوە پڕۆژەیاسایەك دەڕوات بۆ پەرلەمان ئەو كاتە دەتوانێت قسەی لەسەر بكات، بۆیشی نیە بیگۆڕێت، ئەوەیش خروقاتی دەستوورە. لە هەمان كاتدا خروقاتی دیكە كراوە، بۆ وێنە پەرلەمان دەبێت یاسا دەربكات لە كاتێكدا حكوومەت پەنا دەباتە بەر دادگەی فیدراڵی بۆ ئەوەی پەرلەمان دەسەڵاتی پڕۆژەی تازەی نەبێت، واتە لە ژێر چاودێریی حكوومەت بێت و كەی پڕۆژەیاسا نێردرا ئەو كاتە پەرلەمان گفتوگۆی بكات.

 ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "حكوومەت هەوڵەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دامەزراوە چاودێرییەكان چڕ كردووەتەوە، ئەوەتا لە ڕێگەی دادگەی فیدراڵییەوە هەردوو دامەزراوەی نەزاهە و دیوانی چاودێریی دارایی خستووەتە ژێر دەستی خۆیەوە، واتە دەبێت حكوومەت خۆی چاودێریی خۆی بكات كە شتی وا لە هیچ كوێیەكی دنیادا نییە".

گوتیشی: "یەكێكی دیكە لە گرفتەكانی لادانی (مالیكی)، پشگیریی نێودەوڵەتییە لە ژێر ناوی مانەوەی عێراقی یەكگرتووەوە، ئەمە لە كاتێكدایە سیاسییەكانی بەشداربوو لە حكوومەتدا بە هەمان شێوە پشتیوانی (مالیكی) بوون ئەگەر لەگەڵیشی نەبووبن، هەر كاتێكیش هەوڵێكی جیددی بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو ڕێڕەوە هەڵەیە درابێت، ئەمەریكاییەكان هاتوونەتە سەر خەت لە ڕێگای تەلەفۆن و شتی دیكەوە گوایە یەكپارچەیی عێراق بپارێزرێت، لە هەمان كاتدا (مالیكی) سیاسەتی ئەوەی پێڕۆ كردووە ئەگەر لە دەسەڵات لاببرێت، ئەوا قەیران دروست دەبێت".

(زەهاوی) لە بەرانبەر بێدەنگیی لایەنە شیعەكانی دیكەی عێراق لەسەر دۆخی ئێستا و هەڵسوكەوتی (مالیكی) ئاماژەی دا: "لایەنە شیعەكانی دیكەیش پشتیوانی لەم دۆخە ناكەن، چونكە ئەوانیش قوربانیی سیاسەتی (مالیكی)ـن".

 

سەرکەوت حەسەن

هەواڵی پەیوەندیدار