٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیستی عێراقییە بە توندی لێدوانەکانی (مالیکی) ڕەت دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-تایبەت بەKDP.INFO-  سەبارەت بە لێدوانەکانی (نووری مالیکی) کە باسی لەوە کردبوو ھەرێمی کوردستان پشتگیریی داعش دەکات، سەرکردەیەکی لیستی عێراقییە ئەو لێدوانە بە توندی رەت دەکاتەوە و دەڵێت، "ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ئیجابی بووە و بەرز دەینرخێنین."

سەرکردەی لیستی عێراقییە(عەلا مەکی) بە KDP.INFOی راگەیاند: "ئێمە بە ھەموو شێوەیەک لێدوانەکانی (نووری مالیکی) ڕەت دەکەینەوە و ھەڵوێستی سەرکردایەتیی کورد بە تایبەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین لەبەرامبەر ئەو روودوانەی ئەو دوواییە روویداوە."

(عەلا مەکی) گوتیشی: "ھەڵوێستی  ھەرێمی کوردستان لەمەڕ روداوەکانی ئەم دوواییە ھەڵوێستێکی راستەقینەی عێراقیانەیە و ئەمە جاری یەکەمیش نییە، بەڵکو ھەر جارێک قەیرانێک لە عێراق دروست بووە ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستێکی ئیجابی ھەبووە و چارەسەری کردووە و پێویستە دانوستان بکرێت و حکوومەتێکی شەراکەی نیشتیمانی دروست بکرێت کە ھەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن و ھیچ لایەنێک پشتگوێ نەخرێت."

ئەوسەرکردەیەی لیستی عێراقییە جەختیشی کردەوە کە، بە ھیچ شێوەیەک رازی نابن جارێکی دیکە (نووری مالیکی) ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، چونکە ئەو تەنھا بەرژوەندیی خۆی دەوێت و ھەموو کارێک دەکات لەپێناو مانەوەی لە دەستەڵات.

(عەلا مەکی) راشیگەیاند: "مەبەستی (نووری مالیکی) لەو جۆرە لێدوانانە تەنیا بۆ خۆدزینەوەیە لەو قەیرانەی دروستی کردووە و دەیەوێ تۆپەکە فڕێداتە گۆڕەپانی لایەنێکی دیکە، بەڵام کێشەکە زۆر لەمە گەورەترە و پێویستە ئەم جارە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکرێت کە جێی رەزامەندیی ھەموو لایەنێک بێت."

سەبارەت بە چارەسەری ئەو قەیرانەی لە عێراق دروست بووە، ئەو سەرکردەیە گوتی، من گەشبینم ئەگەر لایەنەکان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ دانیشن و بگەنە رێککەوتن و بڕیارێکی عێراقیانە بدەن، نەک ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ بکەن."

بڵندئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار