حاكم شێخ لە تیف: ماددەی 140 لابدرێت، دەستوور لە قازانجی كوردستانە.. مالیكی سەرەڕمی پێشێلكارییەكانە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لە دواگۆڕانكارییەكانی ئێستای عێراق لە ڕووی یاساییەوە دەكات و ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە بەپێی یاسا، خروقاتێكی گەورە لە عێراقدا كراوە كە دواجار (مالیكی) سەرەڕمی پێشێلكارییەكانە. هاوکات دەڵێت، ئەگەر ماددەی 140 لابدرێت، ئەوا دەستوور لە قازانجی كوردستانە
ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت بڕیارەكان بە زۆرینە و كەمینە دەربكات
لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی عێراق و نزیكبوونەوەی وادەی پێكهێنانی حكوومەت، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی گۆڕان (حاكم شێخ لەتیف)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoباس لە عێراقی سەردەمی (نووری مالیكی) دەكات كە چۆن پێشێلی دەستووری كردووە و گوتی: "دەستەڵاتەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەپێی دەستوور زۆر نین، بەڵکە ئەوەی كە هەیەتی بریتییە لە سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ ئیدارەكردنی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆیە دەسەڵاتەكانی حكوومەت هیی ئەنجوومەنی وەزیرانن، كە لە ماددەی 80ـدا ڕوون كراوەتەوە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەبێت بڕیارەكان بە زۆرینە و كەمینە دەربكات، بەڵام ئەوەی كە هەیە بێدەنگیی لایەنە سیاسییەكانە لەناو حكوومەتی عێراقدا، (مالیكی) هەندێك بڕیار هەیە نایهێنێت بۆ ناو ئەنجوومەنی وەزیران، وەك بڕینی بودجەی كوردستان و دروستكردنی سەركردایەتیی سوپا، ئەوەیش پێچەوانەیە لەگەڵ دەقە دەستوورییەكان، بۆیە ئەوەی كە پەیوەندی بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە هەیە، كە خودی (مالیكی) سەرپەرشتیی دەكات، تەنیا دەتوانێت لە دوو حاڵەتدا ئەو دەستەلاتەی بە كار بهێنێت، لە حاڵەتی شەڕ و حاڵەتی نائاساییدا، لە دەرەوەی ئەو حاڵە ئەو ناتوانێت بە كاری بهێنێت، كەچی ئەو بە كاری دەهێنێت، دواجار هەر كەسێك دۆسیەی ئەمنی بە دەستەوە بوو دەتوانێت كۆنتڕۆڵی لایەنی مەدەنیی حكوومەت بكات."
بێدەنگیی لایەنەكان (مالیكی)ـی گەیاندە لێواری كۆنتڕۆڵكردنی عێراق
لەبارەی لێپرسینەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كارەكانی (مالیكی)، (حاكم شێخ لەتیف) دەڵێت: "پەرلەمان پێكهاتەی لایەنە سیاسییەكانە وەك چۆن حكوومەتیش وایە، بۆیە ئەو لەگەڵ هەندێك لایەن وەك كورد و بەشێك لە شیعەكان كۆك بووە، ئەوانیش لە پەرلەمان لێی بێدەنگ بوون، بێدەنگیی لایەنەكانیش (مالیكی)ـی گەیاندە لێواری كۆنتڕۆڵكردنی جومگە سەربازییەكان، بۆیە پەرلەمان بێدەنگ بووە، لە كاتێكدا دەیان قیادەی عەمەلیاتی دروست كردووە، كەچی بێدەنگی هەڵبژێردراوە."
ئەوەیشی خستە روو كە هەر كەسێك لێپرسینەوەی لەگەڵ نەكرێت لە دەستوور لا دەدات، بۆیە دەبێت كورد بیر لە گۆڕینی (مالیكی) بكاتەوە و لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەتیشدا دەبێت ئەولەوییەتی لادانی (مالیكی) لە پێش هەموو شتێكەوە بێت. دەشڵێت: "دەبێت هەر كەسێكی دیكە لە شوێنی (مالیكی) هات، ئەم خاڵانەی لەگەڵ ببڕێنرێتەوە، یەكەم: پابەند بێت بە ماددەی 80ـی دەسەڵاتەكانی سەرۆكوەزیران. دووەم: پەیڕەوی ناوخۆ دەربكرێت. سێیەم: پەرلەمان لە هەر لادانێك بپرسێتەوە و هێزە چەكدارەكانیش تەنیا لە حاڵەتی شەڕ و باری نائاساییدا بە كار بهێنرێن، لە كاتێكدا دەبێت پەرلەمان بڕیار بدات لەسەر هەردوو حاڵەت و دەبێت سەرجەم ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەسەر بدرێت."
لەبارەی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراقەوە، ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە دەخاتە ڕوو كە لە دوو حاڵەتدا دەبێت دەستوور هەموار بكرێتەوە، لە ڕووە عێراقییەكەوە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێكی دیموكرات، یەكەم دیاریكردنی ماوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، دووەم دەبێت (مالیكی) بەپێی دەستور ئەوەی بۆ ڕوون بكرێتەوە كە ئەو لە هەندێك حاڵەتدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە نەك بۆ هەمیشە، ئەوەیشی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە تەنیا ئەوەیە كە ئەگەر ماددەی 140 لابدرێت، ئەوا دەستوور لە قازانجی كوردستانە.
با لادانی (مالیكی) ئەولەوییەت بێت
لەبارەی بێدەنگیی لایەنە شیعەكان بەرانبەر بە كەموكورتییەكانی (مالیكی)، (حاكم شێخ لەتیف) دەڵێت: "كورد و سوننە هەڵە دەكەن ئەگەر بڵێن با هاوپەیمانیی نیشتیمانی خۆیان كەسێك دیاری بكەن، چونكە هاوپەیمانیی نیشتیمانی كێن؟ دەوڵەتی یاسا 92 كورسی هەیە، ئەحرار و مواتن بە هەردوو لیست 65 كورسییان بە دەست هێناوە، ئەگەر بە دەنگدان و دیموكراتی بێت دەوڵەتی یاسا دەیباتەوە، خۆ ئەگەر بە دیموكراتیش نەبێت ئەوە دەوڵەتی یاسا هێزی بە دەستەوەیە، بۆیە دەتوانێت لایەنەكانی دیكەیش بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە."
گوتیشی: "باشترین چارەسەر لادانی (مالكی)ـیە، لە كاتێكدا ئەگەر بڵێت با هاوپەیمانیی نیشتیمانی كەسێك دیاری بكەن ئەو كاتە دەوڵەتی یاسا بەهێز دەبێت لە دانانی كەسێك، چونكە ئەوان هێزی گەورەی سیاسین، بۆیە دەبێت بڵێت (مالیكی)ـمان قبووڵ نییە."
سەرکەوت حەسەن




