جەهەپە: پشتگیریی چارەكردنی پرسی كورد دەكەین

ئانكارا -kdp.info-سەرۆكی گشتیی جەهەپە لەبارەی چارەكردنی پرسی كوردەوە لە توركیادا گوتی: "ئێمە پشتگیریی چارەكردنی پرسی كورد دەكەین، بەڵام بەو مەرجەی نەبێتە هۆی پارچەكردنی توركیا".
سەرۆكی گشتیی پارتیی گەلی كۆماری "جەهەپە" (كەمال قڵێجدارئۆغڵو) لە میانی بەرنامەیەكی كەناڵی خەبەرتوركدا رایگەیاند، جەهەپە بەوپەڕی هێز و توانای خۆیەوە پشتگیری لە چارەكردنی ئاشتییانەی پرسی كورد دەكات و پێشتریش جەهەپە بۆ ئەو مەبەستە چەندین راپۆرت و پڕۆژەی پێشكەش كردووە.
(كەمال قڵێجدارئۆغڵو) گوتی: "ئێمە بە یەك مەرج پشتگیری لە قۆناغی چارەسەریی پرسی كورد دەكەین، مەرجیشمان ئەوەیە كە چارەسەرییەكە نەبێتە هۆی پارچەكردنی توركیا و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لە توركیا".
(ئۆغڵو) هەروەها ڕوونیشی كردەوە كە ئەگەر توركیا پارچە بكرێت و دەوڵەتی كوردی لە توركیا دابمەزرێت، ئەوا جەهەپە چەك هەڵدەگرێت و شەڕی چەكداری دەكات.
هیوا ئەردەلان




