٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

عەبدوڵڵای حاجی مەحموود: ئەوەی لە عێراقدا ڕووی دا، پابەندنەبوون بوو بە دەستوورەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-  كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان باوەڕی وایە کە، واقیعی ئێستای عێراق دابەشبوونە بەسەر سێ هەرێم، دەشڵێت "ئەوەی ئێستا لە عێراقدا ڕوو دەدات، هۆكارەكەی پابەندنەبوونە بە دەستوورەوە."

كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنی "حسك" لە پەرلەمان (عەبدوڵڵای حاجی مەحموود)، بۆ KDP.infoگوتی: "ئەوەی لە عێراقدا ڕووی دا جگە لە حاڵەتی سەربازی، ڕەهەندی سیاسییشی هەبووە، چونكە ڕێك نەكەوتن بوو لەسەر عێراقی یەكگرتوو و فرەنەتەوە و دیموكراتی و فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووردا كە مافی هەموو پێكهاتەكان بدات، بۆیە كاربەدەستانی عێراق لەلایەك دەیانەوییست دەسەڵاتی ڕەهایان هەبێت و لەلایەكی دیكەیشەوە پێكهاتەكان ڕازی بكەن، كە ئەوەیش سەری نەگرت".

(عەبدوڵڵای حاجی مەحموود) ئەوەیشی خستە روو كە بەپێی نەخشەی عێراق، ئەو ناوچانەی نەتەوە و مەزهەبیان بەسەردا دابەش كراوە، هەرێمی كوردستان وەك خۆی دەمێنێتەوە، هەرێمی سوننەیش دروست دەبێت، بە هەمان شێوە شیعەكانیش دیارە لە خوارووی عێراقن، هەروەها لەو ناوچانەیش كە شیعە و سوننەیان تێدایە گیروگرفت دروست دەبێت، بەڵام دواجار دەگەنە ڕێككەوتن.

گوتیشی: "بە ئاسانی ئەم ڕەوشەی عێراق ئارام نابێتەوە، بەڵام دواجار دەبێت هەموو لایەنەكان بێنە سەر خەت بۆ ئەوەی هەموویان كۆ ببنەوە و مافەكانیان یەكلا بكرێتەوە."

لەبارەی هاتنی شارەزایانی سەربازیی ئەمەریكا بۆ عێراق، كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "هاتنی ئەمەریكا بۆ مەبەستی سیاسییە بۆ ئەوەی بۆچوونی لایەنەكان وەربگرن، تا دەروازەیەك بدۆزنەوە كە سوننەكانیش شتێكیان هەبێت". دەشڵێت: "بابەتی بڕینی بودجە لەلایەن (مالیكی)ـیەوە، تا سەر بەم شێوەیە نابێت، چونكە ئەوە لە ئەنجامی جێبەجێنەكردنی دەستوور وای لێ هاتووە، بۆیە ئەگەر دەستوور جێبەجێ بكرابووایە، ئێستا عێراق وای بەسەر نەدەهات."

 

هەواڵی پەیوەندیدار