پاڵاوتەی نوێ دادەمەزرێن.. بۆ نەهشتنی قەیرانی بەنزینە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info- ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، چەند پاڵاوتەیەک لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، کە یەکێک لەوانە خەریکە تەواو دەبێت و لە ماوەیەکی کەمدا دەکەوێتە کار.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان(عەلی ھالۆ) بە kdp.infoی راگەیاند: "لە پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا ھەیە کە چەند پاڵاوتەیەکی دیکە دروست بکرێن و، بەم نزیکانەیش پاڵاوتەیەکیان دەکەوێتە کار"، (ھالۆ) گوتیشی، دوو پاڵاوتەی دیکە لە پارێزگای دھۆک و گەرمیان دروست دەکرێن.
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی: لە پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە بەرھەمی سووتەمەنیی پاڵاوتەی خەباتی سەر بە پارێزگای ھەولێریش زیاد بکرێت، ئەمانەش ھەمووی بۆ ئەوەیە قەیرانی سووتەمەنی لە ھەرێم چارەسەر بکرێت.
(ھالۆ) ڕاشیگەیاند، "پێش ماویەک کۆمپانیایەکی ناوخۆیی لەگەڵ دوو کۆپانیای چیکی سەردانی ئێمەیان کرد و پاڵاوتەیەک دروست دەکەن کە40%-ی کارەکانی تەواو بووە و ئەگەر مۆڵەتیان پێ بدرێت دەتوانن لە ماویەکی کەمدا بۆ بەرھەمھێنانی بەنزین، دەستبەکار بن.
بڵندئیبراھیم




