٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شۆفێری پاسەكانی ناو شاری سلێمانی مانگرتنیان ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  بە هۆی پێنەدانی بەشە سووتەمەنیی پێویست بە شۆفێری هێڵەكانی ناو شاری سلێمانی، ئەمڕۆ شۆفێرانی بیستوپێنج هێڵی پاسی ناو شاری سلێمانی، مانیان گرت. ئەوان دەڵێن، بۆ هەر ڕۆژێك بڕی سیوپێنج لیتر بەنزینیان پێویستە، بەڵام لەئێستادا كەمتر لە هەشت لیتر بەنزین وەردەگرن.

ژمارەیەك لەو شۆفێرانە بە KDP.info–یان ڕایانگەیاند: "ئێمە هەندێك هێڵمان ڕۆژانە پێویستی بە چل و پێنج لیتر بەنزین هەیە بەڵام بەپێی بڕیاری حكوومەت ئێمە لەهەفتەیەكدا پەنجا لیترمان پێ دەدرێت".

هاوکات دەڵێن: "تابلۆی هەرپاسێك ناوەڕاست و باشوور بێت، یاخود پارێزگاكانی هەرێم بووبێت و بە ناوی خاوەنەكەیەوە نەبێت ئەوا بەنزینی پێ نادەن، ئەوەش كێشەی بۆ دروست كردووین".

داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەکەن، هەرچی زووە كێشەكەیان چارە بكەن، بەپێچەوانەوە لە مانگرتن بەردەوام دەبن"

ماوەی چەند ڕۆژێكە قەیرانێكی سووتەمەنی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە کە بەهۆیەوە چەندین خۆپێشاندان و ناڕەزاییدەربڕین لەلایەن شۆفێرانەوە ئەنجام دراوە، بە گوتەی بەرپرسانی پێوەنداریش لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هۆكاری كەمبوونەوەی بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ نەهاتنی بڕێك بەنزین لە پاڵاوتەی بێجییەوە، كە ئەویش پەیوەندی بە خراپیی ڕەوشی ئەمنیی ئەو ناوچانەوە هەیە.

ئارمان مەلازادە

هەواڵی پەیوەندیدار