نەجیبە نەجیب: تا رێككەوتن نەكرێت بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا ناكەین

بەغدا -تایبەت بە kdp.info-پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، تاوەكو لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە رێككەوتن لە نێوان لایەنەكاندا نەكرێت، بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا ناكەن.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (نەجیبەنەجیب)، بە kdp.infpـی راگەیاند: "بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق وابەستەیە بە رێككەوتن لە نێوان لایەنەكاندا بۆ دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بۆیە ئەگەر رێككەوتن بكرێت ئامادەی كۆبوونەوە دەبین، بەڵام ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، نەك تەنیا ئێمە، هیچ لایەنێك ئامادە نابێت".
(نەجیبە) هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "تاوەكو ئێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، بەڵام هەر كاتێك رێككەوتن كرا ئێمەیش ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەبین، چونكە ئەگەر دانیشتن بەڕێوە بچێت، پێویستە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت".
ئەمەیش لە كاتێكدایە، هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی خۆی ساز دا و تێیدا ئەندامانی نوێ سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام بە هۆی نەبوونی رێككەوتنەوە نەتوانرا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و كۆبوونەوەكە بۆ ئەم هەفتەیە دوا خرا.
بڵند ئیبراهیم




