٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە شۆفێرە کوردەکان دەڵێن: ئێرە شوێنی ئێوەی کورد نییە

سەرچاوە: KDP.info
هێزە ئەمنييەکاني عێراق لە ڕێگاي سلێمانبەگ. فۆتۆ: ئەرشيڤ

هەولێر -KDP.INFO- شوفێرە كوردەكانی رێگەی هەولێر-بەغدا، باس لە خراپیی رێگە نوێیەكەیان دەكەن كە لە رێگەی پارێزگای دیالەوە دەچێتە بەغدا و دەڵێن، بازگەكانی حكوومەتی عێراق بە جنێودان و قسەی ناشرین پێشوازییان دەكەن.

دوابەدوای ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ئەمنیی عێراق و داخستنی رێگەی وشكانیی نێوان هەولێری پایتەخت و شارەكانی عێراق، لە ئێستادا شوفێرانی كوردی رێگەی هەولێر-بەغدا، باس لە خراپیی رێگە نوێیەكەیان دەكەن كە لە رێگەی پارێزگای دیالەوە دەچێتە بەغدا و دەڵێن كە بازگەكانی حكوومەتی عێراق بە جنێودان و قسەی ناشرین و سوكایەتی پێشوازییان لێ دەكەن.

(شێركۆ كەریم) كە یەكێكە لەو شوفێرانە، بە kdp.infoـی گوت: "بازگەكانی حكوومەتی عێراق بە جنێودان و قسەی ناشرین پێشوازیمان لێ دەكەن و ڕامان دەگرن لەگەڵ سەرنشینە كوردەكان بە تایبەت لە بازگەی شارەبان و بە بەردەوامی هەڕەشەمان لێ دەكەن."

(كەریم) گوتیشی كە رێگە نوێیەكەیان زۆر دوور كەوتووەتەوە كە بە خانەقیندا تێپەڕ دەبن بەرەو شاری بەعقووبە ئینجا بۆ بەغدا، هۆكارەكەیشی بۆ داخستنی ڕێگەی عوزێم گەڕاندەوە بە هۆی پڕۆسە سەربازییەكانی پارێزگای سەڵاحەددین. ئاماژەیشی دا كە نرخی هاتوچۆكردن بۆ یەك نەفەر بووەتە نزیكەی 150 هەزار دینار، ئەمەیش بە هۆی گرانیی بەنزین و دووریی رێگەكەیانەوە.

شوفێرێكی دیكە كە نەیویست ناوی بهێنرێت، دووپاتی كردەوە كە بەردەوام لەلایەن هیزە ئەمنییەكانی عێراقەوە قسەی ناشرین بە خۆیان و سەرنشینە كوردەكانیان دەگوتریت. گوتیشی: "بە فەرمی پێیان راگەیاندووین كە هاتوچۆی بەغدا نەكەین، چونكە ئەوە شوێنی ئێمەی كورد نییە."

هەر لەم بارەیەوە، سەرۆكی سەندیكای گواستنەوە لە هەولێر (عەبدوڵڵا كەریم)، ئەو هەواڵەی بۆ kdp.infoپشتڕاست كردەوە و رایگەیاند: "شوفێرەكانی هێڵی گواستنەوەی هەولێر-بەغدا، لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە هەڕەشەیان لێ كراوە."

(كەریم) گوتیشی: "لە ئیستادا شوفێرانی ئەو هیڵە دەترسن هاتوچۆ بەو رێگەیەدا بكەن، بۆیە ژمارەیەكی زۆر كەم ئۆتۆمبێل رۆژانە لە هەولێرەوە بۆ بەغدا دەچن، ئێمەیش ئاگاداری ئەو شوفێرانەمان كردووە كە ئازادن لە هاتوچۆكردن بەو رێگەیەدا و دەیشتوانن نەچن تا ئەو كاتەی بارودۆخەكە هێورتر دەبێتەوە."

دڵشاد حوسێن

هەواڵی پەیوەندیدار