٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئێران: ئەمەریکا سەرکردایەتیی شەڕی تیرۆر دژ بە عێراق دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO- گەورەبەرپرسێکی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرکردایەتیی شەڕی تیرۆر دژ بە عێراق دەکات و دەیەوێت لە ڕێی بەرپاکردنی شەڕی تاییفییەوە، دەست بەسەر گەلانی ناوچەکەدا بگرێت.

جیگری سەرۆکئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری ڕۆشنبیری(مەسعوود جەزایری)، بە ئاژانسی هەواڵی فارسی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، "ئەوەی ئەمڕۆ لە ناوچەکە و عێراققیش ڕوو دەدات، ناکرێت لە کاری چەند ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا کورت بکرێتەوە، بەڵکە جموجۆڵی تیرۆریستان لە سووریا و ولاتانی دیکەی ناوچەکە، بە شێکن لە ستراتیژی سیستمی هەیمەنە بەرانبەر بە کاری ئیسلامی."

(مەسعوود جەزایری) زیاتر گوتی "خوێندنەوەی ڕووداوەکان و واقیعی ناوچەکە، ئاماژە بە ئەو ستراتیژە دەدات کە دژبە ئەو وڵاتانەیە کە هەیمەنەی ئەمەریکا ڕەت دەکەنەوە، هاوکات لەبنهێنانی توانا شۆرشگێڕییەکانی جیهانی ئیسلامی و سەرقاڵکردنیانە بە کێشە نێوخۆییەکانیان، نەوەکا ببن بە هەڕەشە بەسەر بەرژەوەندییەکانی داگیرکار و قەوارەی جولەکە، هەروەک ئەوەی لە سووریا ڕووی دا کە دەکەوێتە چوارچێوەی پلانگێڕییەکانی ئەمەریکا کە بە دروستی جێبەجێیان دەکات."

ئەو بەرپرسە ئێرانییە هەروەها دەڵێت "سەرباری هەوڵە بەرفراوانەکانی ئەمەریکا و جولەکە لە ناوچەکەدا، شەڕی لەبریکردن لە سووریا شکستی بردووە، بۆیە ئەمەریکاییەکان ئێستا بەرەیەکی دیکەی شەڕیان لە عێراق کردووەتەوە و گوشارەکانیان بۆ سەر بەرگریکاران زیاتر کردووە، لە کاتێکدا بەرگریکاران ڕێ بە دوژمن نادەن هێڵی سوور ببەزێندرێ."

زیاتر گوتی "ئەو ڕژێمە خۆبەزلزان و دواکەوتووە جیهانییە، نەیتوانی ناوچەکەدا دەست بەسەر گەلانی ناوچەکەدا بگرێت، بۆیە کار لەسەر سیاسەت و ستراتیژێکی دی دەکات کە بەرپاکردنی شەڕی تاییفی و ڕەگەزییە."

هەواڵی پەیوەندیدار