٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هێزی ئاسمانیی عێراق خورماتووی بۆردوومان كرد

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-KDP.info- سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی جەنگیی عێراقی لە جۆری سوخۆی، شاری خورماتوو و دەروروبەری بۆردوومان كرد.

بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو (فارووق ئەحمەد) بە KDP.infoـی ڕاگەیاند: "سەعات (5,50) خولەكی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی جەنگیی عێراقی جۆری (سوخۆی) هاتە سەر ئاسمانی شاری خورماتوو و دەستی بە بۆردوومانكردنی دەوروبەری شاری خورماتوو كرد، بەڵام لەپڕێكدا بۆمبێكی ئاڕاستەی گەڕەكی (حوسێن)ـی نێو شاری خورماتوو كرد كە بەر ماڵَی دوو هاووڵاتی كەوت و لە ئەنجامدا  هاووڵاتییەك شەهید و (8)ـی تریش بریندار بوون، كە هەموو قوربانییەكان ئەندامی دوو خێزانن".

(فارووق ئەحمەد) زیاتر گوتی: "پاش ئەوەی چەكە دژە ئاسمانییەكانی هێزی پێشمەرگە ڕووبەڕوی فڕۆكەكە بوونەوە، بەڵام فڕۆكەكە بۆمبێكی تری ئاڕاستەی شارەكە كرد و هەڵات".

گوتیشی: "بە هۆی بەهێزیی تەقینەوەكەوە، پێدەچێت ئەو بۆمبە لە جۆری (ناباڵم) بێت كە قەدەخە كراوە".

شایانی باسە، شاری خورماتوو چەند كیلۆمەترێك لە بەرەكانی پێكدادانەوە دوورە و ئەم كردەوەیەی هێزی ئاسمانیی عێراقیش، جێگەی سەرسووڕمانە.

هیوا حوسێن ئەمین

هەواڵی پەیوەندیدار