سەردەمێکی چارەنووسساز بۆ بە یاساییکردنی چارەسەری کیشەی دەیان ساڵەی کورد

ئانکارا-KDP.info--AA ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی توركیا ئەم هەفتەیە دەست بە گفتوگۆ دەکا بۆ پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی پرۆژەیاسای قۆناخی چارەسەریی پرسی کورد، بۆیە بڕیاری دا، پشووی هاوینەی بۆ دوای دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە دوا بخات.
سەردەمێکی چارەنووسساز بۆ بە یاساییکردنی چارەسەری کیشەی دەیان ساڵەی کورد لە تورکیا دەستی پێ کردووە. ئێستا پرۆژەیاسای قۆناخی چارەسەری کە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە - بێجگە لە هەدەپە- ڕەتی دەکاتەوە، لە پەرلەمانی تورکیایە و وا بڕیارە ئەم هەفتەیە بخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە تا گفتوگۆی لەسەر بکرێ.
بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە، پەرلەمانی توركیا كە ئەمساڵ پێشووی ھاوینەی دوا خست و تا 25ی تەممووز لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی بەردەوام دەبێ.
پرۆژەیاساکە کە لە لایەن كۆمیسیۆنی كاروباری ناوخۆی پەرلەمانەوە پەسەند كراوە، بریتییە لە شەش خاڵ.
بەپێی خاڵەکانی ناو پڕۆژەیاساكە، دەستەڵات بە ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا دەدرێ بۆ دەرکردنی بڕیاری پێویست لەمەڕ پرۆسەی چارەسەری کێشەی کورد. حكوومەت رێوشوێنی گونجاو و پێویست دادەنێ بۆ ئەندامانی چەكداری پەکەکە تا چەك دابنێن و ئاسانكارییان بۆ بکرێ تا لە چیا بێنە خوارەوە. هەروەها کار دەکا بۆ تێکەڵکردنەوەی ئەو کەسانە بە ژیانی کۆمەڵایەتی و خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەمدا.
پەرلەمانی توركیا دوای بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە، پشووی هاوینە وەردەگرێ.




