هاتوچۆی هاووڵاتیان لە مەرزی حاجی ئۆمەران زیادی كردووە

سۆران -KDP.info- بەراورد بە ساڵی رابردوو، شەش مانگی ئەمساڵ هاتوچۆی هاووڵاتیان لە رێگەی حاجی ئۆمەرانەوە بە رێژەی 12% زیادی كردووە و قەیرانی بەنزین و ناسەقامگیریی بارودۆخی عێراقیش، كاریگەری لەسەر گەشتیار و هاتوچۆ لە سنوورەدا نەكردووە.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران (نەقیب زرار)، تایبەت بە kdp.infoـی راگەیاند: "رێژەی هاتوچۆی شەش مانگی ئەمساڵی هاووڵاتیان لە 618 هەزار سەردان تێپەڕی كردووە و رۆژانەیش ئەو هاتوچۆیە بەردەوامە، ئەمەیش ئەوە نیشان دەدات كە بە رێژەی 12% لەگەڵ شەش مانگی ساڵی رابردوودا زیادی كردووە، لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزیشدا وەك هەموو ساڵێك هاتنی گەشتیار و هاتوچۆی هاووڵاتیان بە فەرمی لەو سنوورەدا كەم دەكات".
جێی باسە، ئەو گرفتی كەمیی بەنزینەی لەم چەند رۆژەی رابردوودا رووی لە كوردستان كرد، گەشتیارانیشی بە گشتی گرتەوە و بووە هۆی كەمتربوونەوەی هاتوچۆ، بەڵام بە هۆی نزیكیی مەرزی حاجی ئۆمەران لە پایتەخت و شارەكانی ئەو ناوچەیەی دەڤەری سۆران، هاتوچۆی هاووڵاتییان بەردەوامە و كەمتر لە شوێنەكانی تر كاریگەری كردووەتە سەر هاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ ناوچەكە.
ئیسماعیل گوندەژۆری




