عادل بەرواری: بە تۆمەتدروستكردن شكستە گەورەكەی بەغدا داناپۆشرێت

بەغدا -تایبەت بە KDP.INFO- لە چەند رۆژی رابردوودا ماڵپەڕی "سۆمرییر نیوز" و ئەمڕۆیش رۆژنامەی "بەیان"ـی سەر بە (نووری مالیكی) بڵاوی كردەوە كە ئەمیری داعش (ئەبوبەكر بەغدادی) بریندارە و لە رێگەی هەولێرەوە بۆ چارەسەری ڕەوانەی توركیا كراوە، ئەندامێكی پێشووی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، بەغدا دەیەوێت بەم تۆمەتانەی بۆ هەرێم دروستی دەكات، شكستەكانی خۆی پێ بشارێتەوە، كە ئەمەیش ئەستەمە و خەڵك باش لەمانە گەیشتووە.
پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەی "سۆمەریە" کە ئەمڕۆیش ڕۆژنامەی "بەیان"ـی سەر بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی گەرمی کردووەتەوە، (بەغدادی) وەك وەڵامێك بۆ ئەو هەواڵە هەیینیی ڕابردوو وتارێكی پێشكەش كرد و دواتریش بە ڤیدیۆ بڵاو كرایەوە.
(عادل بەرواری) كە پێشتر راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو، بە KDP.INFOـی راگەیاند: "ئەو شكستەی حكوومەتەكەی (نووری مالیكی) دووچاری هاتووە كە نزیكەی پێنج پارێزگای سوننەی لە دەست دا نەماوە و سوپاكەیشی شكستێكی گەورەی خواردووە و لە مووسڵەوە تا دەگاتە دیالە هەموو چەكەكانیان لە دەست داون، دەیانەوێت ئەم شكستە گەورەیە بە تۆمەتدروستكردن، پەردەپۆش بكەن و وای پێشان بدەن كە ئەم شكستە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پیلانێك داڕێژراوە و هەرێمی كوردستانیش تێیدا هاوبەشە، بەڵام خەڵكەكە باش لەوانە گەیشتووە و دەزانێت لە حوكمداریكردندا شكستیان هێناوە و ناتوانن شكستەكانیشیان بشارنەوە."
(بەرواری) ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر ئەوان باس لەوە دەكەن مووسڵ بە پیلانێك رادەستی داعش كراوە، بەڵام بۆچی ماوەی دوو ساڵە ناتوانن فەللوجە كۆنتڕۆڵ بكەن كە (مالیكی) هەموو هێزی خۆیشی بە كار هێناوە و هێشتایش نەیشیتوانیوە ئەو كارە ئەنجام بدات.
جێی وەبیرهێنانەوەیە پێشتر وەها بڵاو کرایەوە کە، سایتی "سۆمەرییە نیوز" کە دەگوترا لە حیزبوڵلاوە نزیکە، هەندێک زانیاری ئاماژە دەدەن کە بەم دواییانە (نووری مالیکی) ئەم ماڵپەڕەی لە خۆی نزیک کردبێتەوە و بۆ مەبەست و مەرامەکانی خۆی(بەڵام لە کاتی زۆر پێویستدا بە کاری ببات).
بڵند ئیبراهیم




