٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیوا نەزیر گۆران: كۆنتڕۆڵكردنەوەی تكریت ئاسان نییە

سەرچاوە: KDP.info
فەرماندەي فيرقەي چواري سوپاي عێراق ليوا (نەزير گۆران)

هەولێر-تایبەت بە KDP.INFO- فەرماندەی فیرقەی چواری سوپای عێراق، رەتی دەكاتەوە كە سزا درابێت و دەشڵێت، تاكە فەرماندە بووە ماوەی دوو هەفتە بەرگریی كردووە. ئاماژەیشی دا كە دووبارە كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگای تكریت ئاسان نییە و پێویستە خەڵكی ئەو پارێزگایە هاوكار بن و چارەیەكی سیاسییش هەبێت.

فەرماندەی فیرقەی چواری سوپای عێراق لیوا (نەزیر گۆران) كە كوردە، بە KDP.INFOـی راگەیاند: "لە سنووری شاری تكریت تەنیا سەربازگەی سپایكەر و جامیعە و پاڵاوتەی بێجی لە دەست سوپای عێراقدایە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هێزێك لە سامەڕاوە بەرەو تكریت هات و هێزێك لە سپایكەریشەوە هێرشیان كردە سەر تكریت، بەڵام نەیانتوانی بچنە ناو تكریت و كۆنتڕۆڵی بكەنەوە، بۆیە ئاسان نییە و پێویستە خەڵكی ئەو ناوچانە و هۆزەكان پشتگیریی سوپا بكەن و چارەیەكی سیاسیی بۆ بدۆزرێتەوە."

 سەبارەت بە نزیكبوونەوەی چەكدارانی داعش لە بەغدا، فەرماندەی فیرقەی چواری سوپای عێراق گوتی: "لە دەوروبەری بەغدا سوننە هەیە، بەڵام لەناو بەغدا گرووپە چەكدارەكانی شیعەی وەكو عەسائیب ئەهلولحەق و كەتائیب حیزبوڵڵا هەن، بۆیە چوونیان بۆ ناو بەغدا ئاسان نابێت.

لەبارەی ئەو دەنگۆیەی كە سزا دراوە، لیوا (نەزیر گۆران) گوتی: "بە هیچ جۆرێك سزا نەدراوم، پێچەوانەوە ئێمە بەرگریمان كردووە و ماوەی دوو هەفتە لە سپایكەر ماومەتەوە، تا ئەو كاتەی دووبارە هێزەكانی فیرقەی چوار رێك خرانەوە و من چوومە پارێزگای دیالە."

ئەو ڕوونیشی كردەوە، تاوەكو ئێستا شەڕ لە نێوان چەكدارانی داعش و سوپای عێراق لە سنوری پارێزگای تكریت بەردەوامە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار