مالیكی سازش نەكات، حكوومەتی تەوافوقی پێک نایەت

بەغدا -تایبەت بە KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەگەر (نووری مالیكی) سازش لە پۆستی سەرۆكوەزیران نەكات، ئەستەمە حكوومەتی تەوافوقی لە عێراقدا دروست ببێت.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (موحسین سەعدوون)، بە kdp.infoـی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی سێشەممە جارێكی دیكە پەرلەمانی عێراق كۆ ببێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا دیار نییە ئێمە بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا دەكەین یاخود نا و پێش كۆبوونەوەكەیش هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".
(سەعدوون) گوتیشی كە تاوەكو ئێستا هیچ كاندیدێك بۆ پۆستی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان یەكلا نەكراوەتەوە، بۆیە جارێ دیار نییە لە كۆبوونەوەی داهاتوودا ئەو پۆستانە یەكلا دەكرێنەوە یاخود نا.
سەبارەت بە لێدوانەكەی (نووری مالیكی)ـیش كە باسی لەوە كردووە سازش لەسەر پۆستی سەرۆكوەزیران ناكات، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "سازشنەكردنی (نووری مالیكی) لە پۆستی سەرۆكوەزیران، واتا حكوومەتی تەوافوقی پێك نایەت".
ڕوونیشی كردەوە: "پێویستە چاوەڕێ بكەین بزانین هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان چ هەڵوێستێكیان لەبارەی لێدوانەكەی (نووری مالیكی) دەبێت، دواتر ئێمە هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".
بڵند ئیبراهیم




