سێ سەرۆكایەتییەكە نەماون.. بێ ڕێککەوتن، كۆبوونەوەی سێشەممەی پەرلەمان ساز نادرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاماژە بە دۆخی ئێستای عێراق و كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات و دەڵێت، "سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بوونیان نەماوە و ئەستەمیشە كۆبوونەوەی سێشەممە ئەنجام بدرێت."
سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (خەسرۆ گۆران)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "بەبێ ڕێككەوتنی سیاسی زۆر ئەستەمە دانیشتنی سێشممەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، چونكە هێشتا لایەنە سیاسییەكان لەسەر زۆر خاڵ ناكۆكن و نەگەیشتوونە ڕێككەوتن".
گوتیشی: "ئەوەی دەوڵەتی یاسا لە كۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بەرانبەر بە ئەندامەكانی ئێمە كردیان، شتی تاكەكەسی بوو و بیروڕای فەرمیی دەوڵەتی یاسا نەبووە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە (نووری مالیكی) ئێستا پەرلەمانتارە و شەرعییەتی سەرۆكوەزیرانی نەماوە، لە هەمان كاتدا هەرسێ سەرۆكایەتیی "پەرلەمان، حكوومەت، كۆمار"، بوونیان نەماوە و (مالیكی)ـیش بە دەیان پێشێلكاریی كردووە كەچی دەڵێت، هەرێمی كوردستان دەستووری پێشێل كردووە.
لەبارەی قسەكانی (نووری مالیكی) كە دەڵێت سوپا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی پێشتر لێی بووە، (خەسرۆ گۆران) ئاماژەی دا: "ئەوەی لە هەرێم كراوە شتێكی ئەوەندە نوێ نییە، چونكە پێشتر پێشمەرگە لە شوێنەكانی دیكە هەبووە، سوپای عێراقیش لەو شوێنانە نەماوە و پێشمەرگە شوێنیانی پڕ كردووەتەوە، چونكە چۆڵكردنی ئەو شوێنانە كاریگەری نەگەتیڤی لەسەر ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی هەرێم دەبێت".
کارزان هەورامی




