هەڕەشەكانی (مالیكی) بۆ كاندیدكردنی كەسێكی دیكەیە

بەغدا -تایبەت بە KDP.info- سەرۆكوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق (نووری مالیكی)، ڕایگەیاندووە كە بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق نابیت و سێبارە خۆی كاندید دەكاتەوە. ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، "(مالیكی) دەزانێ چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی نەماوە، بەڵام هەڕەشە دەكات بۆ ئەوەی كەسێكی نزیك لە خۆی كاندید بكرێت، لەبەر ئەوەی كاندیدی بەهێز لە كوتلەكانی دیكەی شیعەدا هەیە".
ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان (عادل نووری)، بە kdp.infoـی راگەیاند، لێدوانەكەی سەرۆكوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق (نووری مالیكی) مەبەستی خۆی نییە، بەڵكوو مەبەستی (تاریق نەجم)ـە كە بەرپرسی نووسینگەكەی خۆیەتی و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی حیزبی دەعوەیە و زۆر لە خۆیشییەوە نزیكە، هەروەها پێشتریش كاندید كرابوو و سەردانی ئێرانیشی كردبوو، بەڵام رەنگە كاندیدی بەهێزیش لە بەرامبەر (تاریق نەجم)ــدا هەبێت، لەوانە (عادل عەبدولمەهدی)، بۆیە لە ئێستادا ئەو لێدوانەی داوە تا دواجار لایەنەكان بە (تاریق نەجم) رازی بن.
(عادل نووری) گوتیشی: "ئەوەی لای ئێمە زۆر گرینگە پۆستی سەرۆكوەزیرانە و بە تایبەتیش كاندیدنەكردنی (نووری مالیكی)، چونكە زۆرینەی لایەنە كوردییەكان دژی سێبارە كاندیدكردنەوەی (مالیكی)ـن، لەبەر ئەوەی ئەوان هۆكاری تێكچوونی ئەو بارەدۆخەن و ئەو عەقڵییەتە ناتوانێ ئەو قەیرانە چارە بكات و خۆیان دروستكەری قەیرانن".
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكاری هەرێم زیاتر گوتی: "(نووری مالیكی) بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ سیاسەتەكانی بگۆڕێت و لەوەیش خراپتر دەكات، چونكە كاتی هەڕەشە نییە و لەو بارودۆخە ناسكەیشدا هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكات".
ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەستەمە كورد بە هیچ شێوەیەك بە سێبارە كاندیدكردنەوەی (نووری مالیكی) رازی بێت، چونكە ئەوان لە كاتێكدا رازی نەدەبوون كە ئەم بارودۆخەیش لە ئارادا نەبوو، مەگەر گوشارێكی زۆری نێودەوڵەتییان لەسەر بێت و (نووری مالیكی)ـیش گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی نەماوە.
(عادل نووری) هاوكات ئاماژەی دا: "بڕوا ناكەم (تاریق نەجم) لە (مالیكی) باشتر بێت و هەمان عەقڵییەتە، بەڵام ئەو بارودۆخەی (نووری مالیكی)ـی دروست كرد، بەسەر چووە و (مالیكی) و ستافەكەیشی لە پشت پەردەوە (تاریق نەجم) بۆ خۆیان بەكار دەهێنن، بەڵام دواجار گۆڕانكاری دەبێت و وەكو (مالیكی)ـی بۆ ناچێتە سەر".
بڵند ئیبراهیم




