مالیکی دەستبەرداری پۆستەکەی نابێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی عێراق(نووری مالیکی) ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیەند کە، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکوەزیران نابێ و بۆ سێیەم جار خۆی دەپاڵێوەتەوە. ئەمەیش لەکاتێکدایە کە، جیا لە سوننە و کورد، لایەنگەلێکی شیعەیش بە توندی بەرهەڵستیی جارێکی دی کاندیدکردنەوەی (مالیکی)-ین.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی عێراقییەوە بە ناوی سەرۆکوەزیرانەوە خوێندرایەوە، (مالیکی) دەڵێت بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری پۆستەکەی و خۆپاڵاوتنەوەی بۆ سێیەم جار بوونەوەی بە سەرۆکوەزیران نابێت.
بایاننامەکە هاوکات دەڵێت، (مالیکی) وەک سەربازێک بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلەکەی دەکات لە بەرەوڕووبوونەوەی "ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هاوپەیمانانی لە بەعسییەکان و سوپای نەقشبەندی" کە نوێنەرایەتیی ئەجێندای دەرەکی دەکەن.
ئاماژەیشی دا بە دیارترین گرووپە چەکدارەکانی سوننە کە مانگی ڕابرد، دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری ناوچە سوننەنشینەکاندا گرتووە.




