بەشێكی بە تۆمەت و گوماناوی ناو دەبات.. حكوومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتە شەش مانگییەكەی ئەمەریكای دایەوە

هەولێر -KDP.info- سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند، سەرجەم عێراقییەكان بۆ پاراستنی ئەمنییەت هیوایان بە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی تری كوردستان هەیە و ئەمەیش لە رابردوو و لە ئێستایشدا سەلمێندراوە. دەشڵێت: "تا ئێستا هیچ حاڵەتیكی پێشێلكاری بەرانبەر بە كەمەنەتەوەكان لە كوردستان تۆمار نەكراوە".
بە مەبەستی بەدواداچوونی حكوومەت بۆ ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتیانەی كە ناو بەناو لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە لەبارەی رەوشی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بڵاو دەبنەوە و بۆ دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان و دۆزینەوەی چارەسەر و هەروەها بۆ بەدواداچوونی راست و دروستی ئەو خاڵانەی كە لەو راپۆرتانەدا باسیان لێوە دەكرێت، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دروستكردنی لیژنەی بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی دا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە ساڵی 2013ـدا راپۆرتێكی لەبارەی رەوشی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بڵاو كردەوە كە لە چەند خاڵیك پێك هاتووە و بەلای ئەو لیژنەیەوە كە بەدواداچوونیان بۆ كردووە، دەركەوتووە كە ناحەقییەكی گەورە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان كراوە.
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ئەو راپۆرتانە دكتۆر (دیندار زێباری)، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بە وردی ئەو خاڵانەی بۆ رای گشتی شیی كردەوە و بە راپۆرتێكیش وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكای دایەوە كە گرینگترینیان رێزنەگرتنی كەمەنەتەوەكان و رێگەگرتنە لە برایانی عەرەب كاتێك سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەروەها ناوهێنانی هێزەكانی پێشمەرگەیە بە میلیشیا و هێزی حزبی.
دكتۆر (دیندار زێباری) رایگەیاند، بەپێی ئامارێك لە ئێستادا زیاتر لە ملیۆنێك لە برایانی عەرەب لەناو هەرێمی كوردستانن و لە شارەكانی كوردستاندا سەرقاڵی ژیانی خۆیانن و زۆربەی زۆری ئابووریی كوردستانیان لە دەست گرتووە و هەر بوونی ئەوانیشە وای كردووە تەنگژەی نیشتەجێبوون و گرانیی بازاڕ و كەمیی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستاندا سەرهەڵبدات.
سەبارەت بە ڕێزنەگرتنی كەمەنەتەوەییەكان، (زێباری) گوتی: "تا ئێستا هیج حاڵەتیكی پێشێلكاری بەرانبەر بە كەمەنەتەوەكان لە كوردستان تۆمار نەكراوە، لە ساڵی 2003-وە تا ئێستا ئەو كەمەنەتەوانەی كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، دەگاتە 4869 خێزان كە پێك هاتوون لە مەسیحی و ئێزدی و ئاشووری و بە فەرمانی سەرۆكایەتیی هەرێم چەندین جار هاوكاریی ماددی كراون، هەروەها لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 5000 قوتابیی كەمەنتەوەیەكان دەوام دەكەن و زۆر قوتابخانەیش لە كوردستان هەن كە بە زمانی توركمانی و ئاشووری و سریانی وانە دەخوێنن".
لەبارەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشەوە، بە گوتەی (دیندار زێباری) وەزارەتی پێشمەگە باشترین وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و نەك هەر دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو سەرجەم عێراقییەكان بۆ پاراستنی ئەمنییەت هیوایان بە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی تری كوردستان هەیە و ئەمەیش لە رابردوو و لە ئێستایشدا سەلمێندراوە كە لە ژێر سایەی حكوومەتی هەرێم رێك خراون و هێزێكی گەورە و كاریگەری عێراقن.
راپۆرتە شەش مانگییەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، بە خاڵ باس لە رێكخراوە ناحكوومییەكان، توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، رەوشی رۆژنامەنووسان، یاسای رۆژنامەگەری، دەستتێوەردانی ئەنجوومەنی دادوەری و دادگەكان و هەروەها بوونی زیندانی نهێنی، قەدەخەكردنی سەردانی زیندانیان و ئەشكەنجەدانیان و پرسی ئازادیی ئایینی دەكات.
دوای بەدواداچوونی ئەو لیژنەیە و كۆكردنەوەی زانیاریی تەواو، ئەو خاڵانەیان بە تۆمەت و گوماناوی ناو برد و سەرسامیی خۆیان لە بارەیانەوە دەربڕی و بە فەرمییش وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا درایەوە.
بێخاڵ خالید




