٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پێکدادان لەگەڵ شوێنکەوتووانی سەرخی بەردەوامە... زانایانی سوننە پشتیوانی دەکەن و بەهەڵستکارانیشی بە داعشی شیعە ناوی دەبەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەوادار و شوێنکەوتووانی مەرجەعی شیعە(مەحموود ئەلحەسەنی ئەلسەرخی) و هێزەکانی حکوومەتی بەغدا، لە شاری کەربەلا درێژەی هەیە و سەرچاوەکانیش ئاماژە دەدەن کە ژمارەی کوژراو و برینداری نێوان هەردوو لە لە هەڵکشانە. دەستەی زانایانی سوننە هێرشکردنە سەر (سەرخی) شەرمەزار دەکەن و هەندێکی شیعەکانیش (سەرخی) و هەوادارانی ەب داعشی سیعە ناو دەبەن.

دەستەی زانایانی موسڵمانی سوننە لە بەیاننامەیەکدا کە پێوەستە بە رووداوەکانی کەربەلاوە ڕایدەگەیەنێت، "ئەو بزاوتەی ڕۆڵەکانی باشووری وڵات بۆ ڕەتکردنەوەی ستەمە"، زیاتر دەڵێت "بەرەوڕوبوونەوەکان لە نێوان هێزەکانی حکومەت و لایەنگرانی سەرخی، پەلی بردووەتە دیوانیەیش و ژمارەیەک بە هۆیەوە کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون."

ئەو دەستەیە هاوکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق(نووری مالیکی) بە فەرماندان بۆ هێرشکردنە سەر بارەگای(سەرخی) تۆمەتبار دەکات و دەڵێت بە هۆی "هەڵوێستەکانی (سەرخی)-یەوەیە کە دژی داگیرکاری ئەمەریکایی و ڕۆڵ و پێگەی ئێران لە ئێراق وەستاوەتەوە، هاوکات بە هۆی سەرکۆنەکردنی سیاسەتەکانی حکوومەتەکانەوەیە لەبەر ڕۆشنایی داگیرکاری و ئەو ستەم و زۆری و پەراوێزخستن و گەندەڵیانەوەیە کە باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە.. ئەو ڕووداوانەی ئێستا و برەوڕووبوونەوانەی بەرنبەر حکوومەت سەریانهەڵداوە بە شۆڕشی گەلی چەوساوە و شۆڕشی ڕەوا ناو دەبات."

پێگەی ئەلیکترۆنیی براسای نزیک لە حکوومەتی عێراقییش بڵاوی کردووەتەوە کە، 56 کەس لە کوژراو و بریندار لە ڕیزەکانی لە لایەنگرانی (سەرخی)-یدا هەن، کە ئەو ماڵپەڕە بە "تاوانبارانی گرووپی سەرخی" ناویان دەبات و دەشڵێت، لە سێشەممەوە پێکدادان بەردەوامە.

هەندێکی پێگە ئەلیکترۆنییەکانی عیراق دەربارەی دۆخی پاش رووداوەکانی مووسڵ و ئەم دواییەی کەربەلاوە، خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە و دیارترینیان لە وتارێکدا دەڵێت، "گرووپێکی پیلانگێڕی داعشی شیعە لە نموونەی (مەحموود سەرخی) کە دژ بە هەڵوێستی فەتوای مەرجەعی شیعە(عەلی سیستانی) کە داوای کردووە عێراقییەکان بۆ بەربگاربوونەوەی گرووپە سوننەکان پڕجەک بکرێن، وەستاوەتەوە." ئەو دەیەوێت بە لایەنگر و شوێنکەوتووانی (سەرخی) بڵێت، گرووپێکی هاوشیوەی داعش کە لە چەکدارە توندڕۆکانی سوننە پێک هاتووە و ئەویش گرووپێکی لە چەکدارانی توندڕۆی شیعە پێک هێناوە و ەب گژ حکوومەتدا دەچنەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار