٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شیعەیش پێکهەڵپژان.. لە شەڕی مەرجەع و هێزە ئەمنییەکاندا 45 کەس کوژران

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق دەڵێن، لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و شوێنکەوتووانی مەرجەعی شیعە لە کەربەلا، 45 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و شوێنکەوتووانی (سەرخی) کوژراون و دووبەرەکییش کەوتووەتە نێوان گرووپە شیعەکانیشەوە.

ئەفسەرێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و شایەتحاڵیش بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، پێکدادان ئەو کاتە دروست بوو کە هێزەکانی پۆلیس و سەربازانی سوپا هەوڵیان دا مەرجەعی شیعەکان لە کەربەلا(مەحموود سەرخی ئەلحەسەنی) لە نیوەشەوی چوارشەممەدا دەستگیر بکەن.

(سەرخی) و چەکدارە شوێنکەوتووەکانیشی پێشتر لەگەڵ هەریەک لە هێزەکانی ئەمەریکا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و لایەنگرانی (عەلی سیستانی)-دا بەرەوڕوو بوونەتەوە.

هێزەکانی عێراق دەڵێن، ویستوویانە (سەرخی) دەستگیر بکەن، پاش ئەوەی کە چەکدار و شوێنکەوتووانی لەو گەڕەکەی کە (سەرخی) لێی دەژی، بازگەیان داناوە.

(سەرخی) لە پێگە ئەلیکترۆنییەکەی، لەم هەفتەیەدا پەیامێکی داوە و تێیدا، فەتوای (عەلی سیستانی) داوەتە بەر ڕەخنە، کاتێک داوای کرد کە عێراقییەکان شانبەشانی هێزە ئەمنییەکان بەرەوڕووی سوننە توندڕۆکان ببنەوە.

(سیستانی) پاش ئەوەی چەکدارانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام شوێنگەلێکیان لە باکوور و ڕۆژئاوای عێراق دەستبەسەردا گرت، ئەم فەتوایەی دا.

دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش، پاش دەستبەسەرداگرتنی چەند ناوجەیەکی سوننەنشین، ناوی گرووپ یان ڕێکخراوەکەیان بۆ دەوڵەتی ئیسلامی گۆڕی و پەیمانیشیان بە سەرکردەی گرووپەکە(ئەبوبەکر بەغدایی) دا و کردیان بە خەلیفەی موسڵمانانی جیهان.

سەرچاوەکان دەڵین، پۆلیس و چەکدارانی سوپا، چواردەوری ماڵی (سەرخی)-یان دا و پاش شەش سەعات لە شەڕکردن، دەرکەوت کە (سەرخی) لە شوێنی خۆی نەماوە و ڕای کردووە. دەربارەی زیانە گیانییەکانی شەڕیش گوتی، 5 ئەفسەر و 40شوێنکەوتووی (سەرخی) کوژراون.

هەواڵی پەیوەندیدار