یەكیەتیی مافناسانی كوردستان لە دیاربەكر دادەمەزرێت

دیاربەكر -KDP.info- دوای ئەوەی دوێنێ داواكاری گشتیی كۆماری توركیا بە فەرمی مۆڵەتی بە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا دا و ئاماژەی بەوە كرد كە وشەی كوردستان لە دژی یاساكان و بەرەژوەندیی توركیادا نییە، راگەیەنرا كە مۆڵەت بە دامەزراندنی یەكیەتیی مافناسانی كوردستانیش دراوە.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی توركیا مۆڵەتی بە دامەزراندنی كۆمەڵەی پیشەسازانی كوردستان بە هۆی وشەی كوردستانەوە نەدابوو و وەزارەتی ناوخۆ هەروەها بۆ دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیایش پرسی بە داواكاری گشتیی كۆماری كردبوو، بەڵام دوێنێ داواكاری گشتیی كۆماری بڵاوی كردەوە كە وشەی كوردستان نایاسایی و قەدەغە نییە و بەكارهێنانیشی ئاساییە و مۆڵەتیش بە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا دراوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا دوێنێیش مۆڵەت بە دامەزراندنی یەكیەتیی مافناسانی كوردستان لە دیاربەكر درا كە تا ئێستا 70 ئەندامی دامەزرێنەری هەیە و بڕیارە لەم رۆژانەدا لە دیاربەكر كۆنفڕانسێك بۆ راگەیاندنی دامەزراندنی خۆی ساز بكات.
هیوا ئەردەلان




