دەمەقاڵێکەی پەرلەمان، کۆبوونەوەکەی دواخست

بەغدا-تایبەت بەKDP.info- لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، دوای سوێندخواردنی یاسایی ئەندامان، دەمەقاڵێ لەنێوان پەرلەمانتارانی کورد و لیستی دەوڵەتی قانوون دروست بوو، بەم ھۆیەشەوە سەرۆکی کاتی پەرلەمان کۆبوونەوەکەی بۆ ھەفتەی داھاتوو دواخست.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان(د.عەرەفات کەرەم) بە kdp.infoی راگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا سەرەتا سروودی نیشتیمانی لێ درا و دواتر سوێندی یاساییمان بە ھەردوو زمانی کورد و عەرەبی خوێند و بەتەمەنترین پەرلەمانتاریش کۆبوونەوەکەی بەرێوە برد، بەڵام دەمەقاڵێیەک ڕوویدا، کاتێک پەرلەمانتارێکی ئێمە داوای کرد پێویستە سەرۆکوەزیران کێشەی دارایی ھەرێم چارەسەر بکات، دواتر پەرلەمانتاران لیستی دەوڵەتی قانوون وڵامیان دایەوە و کێشە دروست بوو، ئێمەیش ھۆڵی کۆبوونەوەمان جێ ھێشت.
(د.عەرەفات کەرەم) زیاتر گوتی: "ھۆکاری ھاتنە دەرەوەی ئێمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆر زیادەڕۆیی و قسەی نابەجێیان کرد و پەرلەمانتار ھەبوو بە جلی سەربازییەوە ھاتبووە پەرلەمان و زۆر تۆمەتیان بۆ کورد دروست کرد و بە ھۆکاری تێکچوونی رەوشی ئەمنیی عێراقیان تۆمەتباریان دەکرد، بۆیە ئێمەش لە کۆبوونەوە ھاتینە دەرەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان روونیشی کردەوە، "سەرۆکی کاتیی پەرلەمان کۆبوونەوەکەی بۆ ھەفتەی داھاتوو دواخست، بەڵام بڕوا ناکەم بەم نزیکانە ھیچ رێککەوتنێک بکرێت و رەنگە بکەوێتە دوای جەژنی رەمەزانەوە."
بڵند ئیبراھیم




