ئاوارەیەکی مەسیحی: گەورەیی كوردمان بیر ناجێتەوە

هەولێر -KDP.info- دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی گرژی و ئاڵۆزییەكانی مووسڵ و ناوچەكانی دەوروبەرییەوە، زۆرێكی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بە تایبەت مەسیحییەكانی قەرەقووش و تلكێف بۆ هەولێر ئاوارە بوون و لە شارۆچكەی عەینكاوە لە كڵێسا و قوتابخانەكاندا نیشتەجێ كران، لە ئێستادا كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناوچەكەیان دەپارێزێت و ئەمنییەتی تەواوی بۆ گەڕاوەتەوە، 800 خێزانی ئاوارەی عەینكاوە بۆ جێگەكانی خۆیان گەڕانەوە.
(نەسرین خزر) كە لە چاوەڕوانیی هاتنی ئۆتۆمبێلدا بوو بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی، بە kdp.infoـی گوت كە زۆر خۆشحاڵە بەوەی ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی. ئەو رایگەیاند كە پێشتر لە لایەن چەكدارانی داعشەوە بە تۆپ و هاوەن ناوچەكەیان تۆپباران دەكرا و ژیانیان كەوتبووە مەترسییەوە، بۆیە ناچار بوون ڕابكەن.
(نەسرین) هەروەها سوپاسی خەڵكی عەینكاوە، هێزی پێشمەرگە، حكوومەتی هەرێم، پارێزگای هەولێر و دەزگا خێرخوازییەكانی كرد بە تایبەت دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە هەم بۆ نیشتەجێكردنیان و هەمیش بۆ ناردنەوەیان هاوكارییان كردوون.
ئەو هەروەها دەڵێ: "گەورەیی كوردمان بیر ناجێتەوە و سوپاس بۆ خوا و برایانمان كە بە دەممانەوە هاتن".
بێخاڵ خالید




