یوئێن زۆر لە عێراق نیگەرانە.. داوا دەكات دەستبەجێ توندوتیژییەكان بوەستێندرێن

هەولێر -KDP.info- سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (بان كی موون)، ئەمڕۆ دووشەممە، نیگەرانیی خۆی لەو قەیرانە كەڵەكەبووانەی عێراق و كوشتن و بڕینە ڕاگەیاند و داوایشی لە كۆی لایەنە پێكناكۆكەكان كرد، دەستبەجێ توندوتیژی بەرانبەر بە هاووڵاتیان ڕابگرن كە لەسەر بنەمای ئایینی و وابەستەییان بۆ نیشتمان دەچەسێدرێنەوە و دەكوژرێن.
لە بەیاننامەیەكدا كە بە ناوی (بان كی موون)ـەوە دەركراوە هاتووە "سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەو قەیرانە كەڵەكەبووە و ژمارە زۆرەی كوژراوان لە هاووڵاتیان، هەروەها ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێك عێراقی و بەردەوامیی شەڕ، زۆر نیگەرانە."
(بان كی موون) داوایش لە كۆی لایەنە پێكناكۆك و شەڕكەرەكان دەكات دەستبەجێ توندوتیژیی بەرانبەر هاووڵاتیان ڕابگرن كە لەسەر بنەمای ئایینی و وابەستەیی نیشتمانی دەچەوسێندرێنەوە. ئاماژەیشی داوە كە، سەرجەم لایەنەكانی قەیرانەكە، جا لە چەكداران یان داعش یاخود میلیشیاكان و چ لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق بن، دەبێ لە ئاست بەرپرسارەتیی ئەخلاقی و قانوونیدا بن بۆ وەستاندن و بەرگرتن بە توندوتیژیی دژ بە هاووڵاتیان و گەرەنتیی بەدەستهێنانی پێداویستییە مرۆییەكانیان بكەن.
ئاماژە بە بەردەوامیی پێگەیشتنی ڕاپۆرتگەلێك كە تێیاندا پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ و یاساكانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەخەنە ڕوو، (بان كی موون) داوا لە حكوومەتی عێراقی دەكات، سزای هەموو ئەوانە بدات كە مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكەن، جا چ لە ڕیزەكانی سوپا بن یان میلیشیا بن.




