كورد و سوننە بە هەڵبژاردنەوەی مالیكی ڕازی نین

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت، سوننەكان بەشداری كۆبوونەوەی سبەی نابن و لیستی عێراقییەیش ڕایگەیاندووە كە بەشداری ناكەن. ئەو دەڵێت، پۆستە گەورەكانی حكوومەتی عێراق وەك خۆیان دەمێننەوە، شیعە سەرۆكوەزیران و كورد سەرۆككۆمار و سوننەكانیش سەرۆكی پەرلەمانیان بەر دەكەوێتەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. تاریق گەردی)، بۆ KDP.infoگوتی، "بڕیارە سبەی ئەندامانی پەرلەمان لە لیستی حزبە كوردستانییەكان لەسەر بانگهێشتی نووسینگەی جێگری سەرۆككۆمار بە فڕۆكەیەكی تایبەت بگەیەنە بەغدا بۆ بەشداریكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین كەس لە ئەنجوومەنی نوێنەران كە (مەهدی حافز)ـە، سەرەتایش سوێندی یاسایی دەخورێت، كە پێشبینی دەكرێت تەنیا قۆناخی سوێندخواردن لە كۆبوونەوەی سبەیدا بەڕێوە بچێت، تا ئەو كاتەی لە دەرەوەی پەرلەمان كوتلە سیاسییەكان لە ناوخۆیاندا دەگەنە ڕێكکەوتنێك، بە جۆرێك گەورەترین كوتلە بۆ دانانی كاندیدێك بۆ سەرۆكوەزیران ڕادەسپێرێت".
لەبارەی چۆنیەتیی دابەشكردنی پۆستەكان بەسەر پێكهاتەكاندا، (تاریق گەردی) ئەوەی خستە ڕوو كە لایەنە شیعەكان وەك لایەنی زۆرینە پۆستی سەرۆكوەزیرانیان بەردەكەوێت، دواتر كورد دووەم پۆستی پێ دەدرێت كە سەرۆككۆماری عێراقە و عەرەبی سوننەیش سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرن، بەڵام بۆ ئەم خولە (مالیكی) چانسی ئەوەی نابێت ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران، ئەگەر خۆیشی بپاڵێوێت، ئەوا كورد و سوننە بە هیچ شێوەیەك دەنگی پێ نادەن، لە كاتێكدا سەدرییەكان و لیستی مواتنیش دەنگ بە (مالیكی) نادەنەوە".
گوتیشی كە سوننەكان بەشداریی كۆبوونەوەی سبەی نابن و لیستی عێراقییەیش ڕایگەیاندووە كە بەشداری ناكەن، پێشبینییش دەكرێت 200 ئەندامی پەرلەمان سبەی ئامادەی كۆبوونەوەكە بن.
(گەردی) هەروەها دەشڵێت: "چارەكردنی گرفتەكانی عێراق بە گفتوگۆ، لە شەڕكردن باشترە".




