فڕۆكەكانی سوپای عێراق بنكەی تەوبەكردنی داعشیان لە مووسڵ بۆردوومان كرد

هەولێر -تایبەت بە KDP.INFO-بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ فڕۆكەكانی سوپای عێراق بنكەی تەوبەكردنی چەكدارانی داعشیان بۆردوومان كردووە و بە تەواوەتی ڕووخاوە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە KDP.INFOـی راگەیاند، "لە نزیك پردی كەون لە شاری مووسڵ، فڕۆكەكانی سوپای عێراق بنكەی تەوبەكردنی چەكدارانی داعشیان بۆردوومان كردووە و بە تەواوەتی ڕووخاوە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیانهێشتووە كەس لێی نزیك بێتەوە، ژمارەی قوربانیان نەزانراوە".
(سەعید مەمووزینی) گوتیشی، "داعش لە مووسڵ لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ 25 منداڵیان رفاندووە و لە شەڕەكاندا وەكو بارمتە بەكاریان دەهێنێت، بۆ ئەوەی بە هۆی ئەوانەوە بۆردوومان نەكرێن، كە ئەمەیش نیگەرانییەكی زۆری لای خەڵكی مووسڵ دروست كردووە".
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیشی خستە ڕوو كە هەر ئەمڕۆ داعش ئاوی شارۆچكەی تلكێفی گرتووەتەوە كە لە گەڕەكی وەحدەی شاری مووسڵەوە بۆ ئەو شارۆچكەیە دەهات.
بڵند ئیبراهیم




