کورد بەشداریی کۆبوونەوەی دووسبەی پەرلەمانی عێراق دەکات

بەغدا-تایبەت بەKDP.info- وەها بڕیارە دووسبەی سێشەممە، یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بەرێوە بچێت و، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، کورد بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا دەکات، چونکە تەنیا سوێندخواردن دەبێت و ھیچ پۆستێکی تێدا یەکلایی ناکرێتەوە.
ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقێ لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان(د.ئەشواق جاف) بە kdp.info-ی راگەیاند: "کۆبوونەوەکە پرۆتۆکۆڵی دەبێت و تێیدا تەنیا ئەندامان سوێندی یاسایی دەخۆن، چونکە هێشتا ھیچ رێککەوتنێک لەبارەی پۆستەکان نەکراوە."
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق(نووری مالیکی)، ڕایگەیاند، لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەماندا، سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماریش کە پشکی کوردە هاوکات سەرۆکوەزیرانی داهاتوویش دیاری دەکرێن.
د.ئەشواق جاف دەڵێت: "بەپێی ماددەی54-ی دەستووری عێراق، پێویستە لە یەکەم کۆبوونەوە سەرۆک و ھەردوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی تائێستا تەوافوق لەنێوان لایەنەکان نەکراوە، ئەو کارە ئەنجان نادرێت."
جاف زیاتر گوتی: "لەبەر ئەوەی کۆبوونەوەیەکی پرۆتۆکۆڵییە، ئێمە وەکو کورد بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئەنداماندا دەکەین."
بڵند ئیبراھیم




