٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دیندار زێباری: پێویستە بەغدا بە زووترین كات پارەی خێزانە ئاوارەكانی عێراق خەرج بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، ژووری پرۆسەی پەیوەندیدار بە ئاوارە ناوخۆییەكان، كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دا و تێیدا وێڕای تاوتووكردنی ڕەوشی ئاوارەكانی شاری مووسڵ و دەوروبەری، داوا لە بەغدا كرا بە زووترین كات ئەو بڕە پارەیە دابین بكات كە بڕیاری داوە بۆ هەر خێزانێكی ئاوارەی عێراق خەرجی بكات.

 

كۆبوونەوەكە كە بە سەرپەرشتیی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نیودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری) و ئامادەبوونی هەر یەك لە یۆنامی و جێگری وەزیری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و فەرمانگەی نشینگە و بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری سێ پارێزگاكە (دهۆك و هەولێر و سلێمانی)،  بەڕێوە چوو، تیشكی خستە سەر ئەرك و بەرپرسیارێتیی لایەنەكان لەسەر ڕەوشی ئەم دواییەی مووسڵ و شارەكانی دیكەی ناوەڕاستی عێراق و ئەو ئاوارانەی كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

لەو كۆبوونەوەیەدا (د. زێباری) جەختی كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك هاوكار بن بۆ پشتیوانیكردنی ئەو ئاوارانە، چونكە لە توانای حكوومەتی هەرێمدا نییە ئەو هەموو پێداویستیانە دابین بكات.

هەروەها باسی لە گرنگیی تۆماركردنی ئاوارەكان كردەوە، بە تایبەتی ئەوانەی لەو كامپانەدا نیشتەجێ بوونە كە بۆیان دیاری كراوە و داوایش لە حكوومەتی عێراق كرا كە بە زووترین كات ئەو بڕە پارەیە دابین بكات كە بڕیاری داوە بۆ هەر خێزانێكی ئاوارەی عێراق خەرجی بكات.

(زێباری) بە هەمان شێوە داوای لە ئاژانسەكانی دیكەی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، وەك بەرنامەی خۆراكی جیهانی (WFP) كە یارمەتییەكانیان پێشكەش بكەن بۆ دابینكردنی بەشەخۆراكی پێویست بە زووترین كات و داواشی لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)  و یونیسێف كرد بەپەلە یارمەتییەكانی خۆیان لە بواری دابینكردنی دەرمانی پێویست بە ڕەوچاكردنی پێداویستییەكانی منداڵان بگەیەنن.

لەلایەن خۆیانەوە لایەنە بەشداربووەكان ئەم میكانیزمەیان بە باش زانی بۆ ئەوەی ئاگاداری كاری یەكتر بن و پێكەوە وەك یەك تیم كار بكەن بۆ یارمەتیدان و بە هاناوەچوونی ئەو ئاوارانە.

لەلایەی خۆیانەوە نوێنەری پارێزگاكان، هەر یەكەیان كۆمەڵێك پێداویستیی پێشكەش كرد كە داوایان كرد بە پەلە دابین بكرێت و وەزرە گەرما و ڕەوشی خراپی ئاوارەكان  لە بەرچاو بگیرێت.

لە كۆتاییدا هەموولایەك هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بۆ ئەوەی داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییە كۆمەكبەخشەكان بكرێت بۆ ئەوەی بەپەلە كۆمەك و  پارمەتییەكانیان پێشكەش بكەن.  

 

هەواڵی پەیوەندیدار